له‌باره‌ى دۆسیه‌ى به‌سزاگه‌یاندنى كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایی هۆشدارى ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 70‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی تشرینی دووەمی 2019 كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و گروپى دادوه‌رى كوردستان له‌سه‌ر دانیشتنى شه‌شه‌مین دادگاییكردنى كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى به‌ رژێمى به‌عس كۆبوونه‌وه‌، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانیش هۆشدارى ده‌داته‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان تا 25ى ئه‌م مانگه‌ بریكارنامه‌ بۆ دادوه‌ره‌كان نه‌كه‌نه‌وه‌ سكاڵاكان پوچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌.


سامی جه‌لال، سه‌رۆكی گروپی دادوه‌ری كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئه‌مڕۆ وه‌ك گروپی دادوه‌ری كوردستانی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆبوینه‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ده‌بێت تا 25ى ئه‌م مانگه‌ بریكارنامه‌كانمان ته‌واو بكه‌ین و پێشكه‌شی دادگای بكه‌ین، چونكه‌  هه‌ر شه‌هیدێك ده‌بێت قه‌سام شه‌رعی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ر شه‌هیدێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌یه‌ك خێزاندا.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی چه‌كی كیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تائێستا نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار سكاڵا تۆماركراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ی هاوكاری رژێمی به‌عسیان كردووه‌ له‌پێدانی چه‌كی كیمیایی، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا نزیكه‌ی 400 كه‌سیان نه‌هاتوون بریكارنامه‌ پڕبكەنه‌وه‌ لای ده‌سته‌ی پارێزه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بكرێنه‌ سكاڵایه‌كى رەسمى و یاسایى و له‌داگاییه‌كه‌دا به‌كاربێن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: رۆژی 26ی ئه‌م مانگه‌ شه‌شه‌مین دادگاییكردنى كۆمپانیاكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌دادگای به‌رایی هه‌ڵه‌بجه‌، هاوكات ئه‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان تۆماركردووه‌، به‌ڵام تائێستا بریكارنامه‌یان نه‌داوه‌ بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی چه‌كی كیمیایی، ئه‌گه‌ر تا رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ بریكارنامه‌ بۆ سكاڵاكانیان نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا سكاڵاكه‌یان پوچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌دۆسیه‌كه‌دا هه‌بێت هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت به‌ یه‌كجارى دابخرێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure