زانیاری نوێ لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2792‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال


ئەگەر تا سەرەتای ساڵی نوێ بودجەی عێراق نەگاتە پەرلەمان، ئەوا حكومەتی عێراق كار بە سیستمی (1 لەسەر 12)ی ساڵانە دەكات و مانگانەش هەمان ئەو پارەیەی ئێستا بۆ مووچە رەوانەی كوردستانی دەكات، لەدوای ساڵی نوێش بەردەوام دەبێت.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 9ی تشرینی دووەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەگەر تا سەری ساڵی نوێ بودجەی ساڵی داهاتوو پەسەند نەكرێت ئەوا حكومەتی عێراق لەسەر سیستمی (1 لەسەر 12)ی ساڵانە كار دەكات كە ئەو سیستمە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، واتە ئەمساڵ مانگانە چۆن پارە لەبەغداوە بۆ مووچە هاتووە، بەهەمان شێوە هاتنی ئەو مووچەیە بەردەوام دەبێت و گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دروست نابێت.

بەوتەی میرزا، پێشتر گفتوگۆ و نزیكبوونەوەی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد هەبوو بۆ مەسەلەی بودجە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە گرفت دروستبوو، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی هێوربوونەوەی دۆخی عێراق بكرێت ئەو كاتەی باسی بودجە دەكرێت بزانن پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد دەگاتە كوێ.

 

بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق تا رۆژی 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ حكومەتی عێراق مانگانە 544 ملیار دینار رەوانەی كوردستان دەكات بۆ مووچە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت رێككەوتنی نوێ بكەنەوە.

 

پێشتریش بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رایانگەیاندبوو ئامادەن رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكەن، بەو مەرجەی عێراقیش قەرزەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە كە بڕەكەی نزیكەی 26 ملیار دۆلارە.

 

پ: ر.ف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە