داواى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 232‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم داوا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات، بڕیار له‌بارەی چاره‌نووسى كۆمسیۆنه‌كه‌ بدات، به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى كاركردنیان بۆ خوولێكى دیكه‌، یاخود هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌یه‌كى نوێ.


شێروان زرار، وته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆمسیۆن به‌ ره‌سمى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌ كۆتاییهاتنى ماوه‌ى كاركردنى یاسایى ئاگاداركردووەته‌وه‌ و چاوه‌ڕێى بڕیارى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌نووسى كۆمسیۆنه‌كه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌.

بەپێى یاساى ژمارە (4)ى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى هه‌رێمى كوردستان_عێراق، ماوه‌ى كاركردنى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران كه‌ له‌ نۆ كه‌س پێكدێت و به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌شكراوه‌، پێنج ساڵه‌، به‌ڵام دواى ئه‌و خووله‌ بۆ یه‌كجار په‌رله‌مانى كوردستان ده‌توانێت ماوه‌كه‌ى درێژبكاته‌وه‌ و كۆمسیاران پێنج ساڵى دیكه‌ش به‌رده‌وامبن له‌كاركردن.

عه‌باس فه‌تاح، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنێكدا ماوه‌ى یاسایى كۆمسیۆن یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا كاته‌كه‌ى دیارینه‌كراوه‌.

وتیشى: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ له‌بار نییه‌، ئه‌گه‌ر ماوه‌كه‌یان بۆ خولێكى دیكه‌ درێژبكرێته‌وه‌ باشتره‌ له‌وه‌ى بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ بكه‌وینه‌ ژێر بارى هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زى لایه‌نه‌كان بۆ دیاریكردنى كاندیده‌كانیان و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانى دیكه‌ كه‌ پێموایه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌خانه‌یه‌نێت و جارێكى دیكه‌ په‌رله‌مان سه‌رقاڵ ده‌كرێت".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە