دوایین زانیارى ده‌رباره‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 12976‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كۆببته‌وه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانیش یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان تاوتوێكردنى پڕۆژه‌یاساى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى پاشه‌كه‌وتكراو ده‌بێت له‌رێگه‌ى قه‌رزه‌كانى حكومه‌ته‌وه‌.


بڕیاره‌ (رۆژى دووشه‌ممه‌ 11ى تشرینى دووه‌مى 2019) مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك كۆببێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌به‌شێكى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نه‌كان داواى له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كه‌ن ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى هه‌ر سێ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بده‌ن كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ئاڕاسته‌ى حكومه‌تیان كردبوو.

پڕۆژه‌كه‌ هاوبه‌شه‌كه بریتییه‌ له‌ وه‌رگرتنى چه‌كى فه‌رمانبه‌ران له‌بڕى قه‌رزى خزمه‌تگوزارییه‌كانى حكومه‌ت، واته‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌ له‌ حیسابى بانكى فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه‌ به‌و قه‌رز و خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ هاوڵاتیان له‌سه‌ریانه‌، له‌وانه‌ قه‌رزه‌كانى كاره‌با و ئاو و هاتووچۆ و قه‌رزى خانووبه‌ره‌ و پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى و قه‌رزى كشتوكاڵ و باج و هه‌ر قه‌رزێكى تر.

عیماد ره‌فعه‌ت، سه‌رۆكى لیستى هه‌ولێرى توركمانى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر واده‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌ و ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شى وتى: "گرفته‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نه‌كان تاوتوێ ده‌كرێت"

ئه‌وه‌شى وت: "بۆ ئه‌وه‌ى گرفت و داواكاریى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، باسبكرێت سبه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى له‌گه‌ڵ لیست و ئه‌ندامان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى ئاماده‌بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكى حكومه‌ت".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە