هه‌سه‌ده‌: شه‌ڕڤانان هێرشى سوپاى توركیایان بۆ سه‌ر 10 گوند تێكشكاند

هەواڵ / کوردستان :: 3 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

هەسەدە رایده‌گه‌یه‌نێت: شه‌ڕڤانان شكستیان به‌ 10 هێرشى سوپاى توركیا و میلیشیاكانى نزیكى هێنا له‌ ناوچه‌كانى عه‌ین عیسا و ئه‌بوراسین و تلته‌مه‌ر.


له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند: سوپای تورکیا و میلیشیاكانى بە هەموو هێز و توانایەکی تەکنیکی زەمینی و ئاسمانیەوە به‌رده‌وامه‌ لە هێرشه‌ داگیركارییه‌كانى خۆیان له‌ سنووری رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "سوپای تورکیا به‌ چه‌كى قورس هێرشیان كرده‌سەر ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى تلتەمر و گوندی تلمحه‌مه‌د سه‌ر به‌ ناحیه‌ى ئه‌بوراسین له‌ باشورى سه‌رێكانى".

هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێشنیوه‌ڕۆى هه‌ینى سوپاى توركیا به‌ تانک و تۆپ،  هێرشیانکردە سەر گوندەکانی (خربەت فارس، شەڕگراک، زەنووبا، مەسعودیە، دبس، خربەت کەریم، قزعەلی، کەفیفا و وەبدێ) سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى عه‌ین عیسا و شه‌ڕڤانان به‌ تووندى وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: شه‌ڕڤانان لە نزیک رێگای نێودەوڵه‌تی M4 سێ ئۆتۆمبێلی سەربازی و تانکێكیان تێكشكاند به‌هۆیه‌وه‌ 13 سەرباز و میلیشیاى توركیا كوژران و 19ى دیكه‌ش برینداربوون.

له‌ كۆتایى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لە ئەنجامی بەرخودانی هێزەکانماندا 12 شه‌ڕڤان شه‌هیدبوون و حه‌وتى دیكه‌ برینداربوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure