لە 11 ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 154 ملیار دینار بەكۆكردنەوەی خاشاك دراوە

هەواڵ / ئابوری :: 08/11/2019‌ :: 321‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 11 ساڵی رابوردوودا بڕی زیاتر لە 154 ملیار دینار پارەی بەكۆمپانیاكانی كۆكردنەوە و فڕێدانی خاشاك داوە بۆ پاككردنەوەی شاری سلێمانی.

رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ 8ی تشرینی دووەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: لەساڵی (2008)ەوە تا ئەمساڵ تەنیا بۆ ناوشاری سلێمانی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 154 ملیار دینار پارەی بە كۆمپانیاكان داوە بۆ كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاك، جگە لەقەزا و ناحیەكان و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.

ناوبراو روونیكردەوە: هەموو مانگێك نزیكەی بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار پارە بە كۆمپانیاكانی ناوشاری سلێمانی بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاكی ماڵان دەدرێت، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا بڕی نۆ ملیار دینار سەرفكراوە بۆ چوار كۆمپانیای فڕێدانی زبڵ و خاشاك تەنیا بۆ ناو شاری سلێمانی واتە لەسنووری بەكرەجۆ و تاسڵوجە تا نزیكی بازگەی عەربەت.

جێی ئاماژەیە لەناوەڕاستی هەفتەی رابوردوودا كاوە عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریان داوە لەسەرەتای ئەم مانگەوە پارەی كۆكردنەوە و فڕێدانی خاشاك لەهاووڵاتیان وەربگیرێت، بۆ هەر ماڵێک مانگانە پێنج هەزار دینارە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure