ئەسەسەرد: تەنیا لەیەك حاڵەتدا كۆنگرەی یەكێتی دوادەخرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 627‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: تەنیا لەحاڵەتی شڵەژانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەیان دوادەخرێت.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ 8ی تشرینی دووەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەیان بەردەوامە، ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی بابەتەكانی راپۆرتی سیاسیین و داوا لەهەموو مەكتەبەكان كراوە لەساڵی 2010وە تائێستا چالاكییەكان بنێرن تا بخرێتە راپۆرتی سیاسی، لەداهاتوویەكی نزیكدا  هەڵبژاردنی كۆمیتەكانیش دەست پێدەكات بۆ ئەندامانی كۆنگرە.

سەبارەت بەئەگەرەكانی دواخستنی كۆنگرەی حیزبەكەیان كە تەنیا مانگێكی ماوە، ناوبراو روونیكردەوە: "پێموانییە پەیوەندی ئێمە و پارتی كاریگەری لەسەر دواخستنی كۆنگرە هەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخی عێراق بەشیوەیەك شڵەژا یان دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراق كرا، رەنگە ئەو دوو حاڵەتە ناچارمان بكەن بۆ دواخستنی كۆنگرە".

بڕیارە رۆژی 7ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ واتە مانگی داهاتوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure