رووسیا گەورەترین سودمەندی کارەساتی گۆڕانکاری کەشوهەوایە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 437‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بڕیاری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بەکشانەوە لە رێککەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا، شەپۆلێکی ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بەو هۆیەشەوە رووسیا چووە ناو رێککەوتنەکەوە.

لە 12ی کانونی یەکەمی 2015 دوای گفتوگۆیەکی درێژ 195 دەوڵەت چوونە رێککەوتنەکەوە بۆ پارێزگاریکردن و سنووردارکردنی پەنگخواردنی گەرمی لە کەشوهەوای زەویدا.

دەوڵەتە بەشداربووەکانی رێککەوتنەکە پەیمانیان دا بە سنووردانان بۆ بڵاوکردنەوەی کاربۆن، رێککەوتنەکەش لە تشرینی دووەمی 2016وە چووە بواری جێبەجێکردنەوە دوای ئەوەی وڵاتان واژۆیان لەسەری کرد کە لە نێویدا ئەمریکا بوو لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، بەڵام دواتر کە دۆناڵد ترامپ بوو بە سەرۆک لە رێککەوتنەکە کشایەوە.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان رووسیا سودمەندی یەکەمە لە گۆڕانکاری کەشوهەوا، چونکە ئەم وڵاتە پێشتر نەیدەتوانی هەموو جۆرە کشتوکاڵێک لە وڵاتەکەی بکات، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی زۆربەی کشتوکاڵەکان بە دانەوێڵەکانەوە دەتوانێت بەرهەمبهێنێت و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیاش دانی بەوەدا ناوە.
 
رۆژنامەی هارتزی عیبری ئاشکرای کردووە کە رووسیا دەیەوێت لە بەرهەمهێنانی خۆراکیشدا گەشە بکات، بەتایبەت لەسەردەمی سەرۆکایەتی ڤلادیمێر پوتین لە ساڵی 2000وە نرخەکانی نەوت لە بەرزبوونەوەدا بوون و رۆڵیشی هەبوو لە سڕینەوەی قەرزەکانی سەر شانی جوتیاران و هەمواری قانونەکانی کشتوکاڵیشی کرد بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئابوری بەرهەمدار بخولقێنێت.

لە مانگی تشرینی یەکەمی رابوردووشدا دەریایی رووسیا ئاشکرای کرد کە پێنج دورگەی نوێیان ئاشکرا کردووە دوای ئەوەی کە پێشتر سەهۆڵ دایپۆشیبوون، ئێستا ئەو دورگانە سامانەکانیان بەکاردەهێنرێت و سودی دەبێت کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوییەوە سەهۆڵەکەیان تواوەتەوە و دەرکەوتوون.

هەروەها توانەوەی پارچە سەهۆڵ لە ناوچەی کیشوەری باکوور یارمەتی رووسیا دەدات جوڵەی گواستنەوەی کەلوپەل بە کەمترین تێچوو و ماوە بگەیەنێتە کیشوەری ئەوروپا بەبێ ئەوەی نۆکەندی سوێس بەکاربهێنێ، پوتین رایگەیاند کە ئەم رێگە نوێیە لە ساڵێکدا دەتوانێت 80 ملیۆن تۆن کەلوپەل پیایدا بگوێزرێتەوە و کە قۆناغی یەکەمیشی لە ساڵی 2025دا کۆتایی دێت.
 
ئا: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure