قەیرانی داهاتووی دژە بەکتریا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

یەکەم جۆری ئەنتی بایۆتیک ساڵی 1941 لە ئۆکسفۆردا بەکارهێنرا 12 ساڵ پاش ئەوەی ئەم دەرمانە دژە بەکتریایە دۆزرایەوە. لە سایەی دژە بەکتریاوە ژیانی ملیۆنان کەس رزگارکراوە و وەرچەرخانێکی گەورە لەتەندروستی گشتیدا روویدا. 


بەکارهێنانی دژە بەکتریا بە تایبەت لەم ساڵانەی  دواییدا رێچکە زانستییەکەی خۆی ون کردووە. لە لایەکەوە بەکاردەهێنرێت بۆ هەموو هەوکردنێک تەنانەت بۆ هەڵامەتیش کە پێویست ناکات و کاریگەری لەسەری نیە لە لایەکی دیکەوە بەکاردەهێنرێت لەکێڵگەکانی پەروەردەکردنی پەلەوەر و مەڕ و ماڵات و بەراندا بۆ ئەوەی خێراتر گەشە بکەن. 

ئەم زۆر بەکارهێنانەی دژە بەکتریاکان لە سەرتاسەری جیهاندا وای کردووە بەکتریاکان بەرگەیان بگرن. ئەمە کێشەیەکی گەورەی جیهانییە و کار دەکاتە سەر هەموو وڵاتانی دنیا بە دەوڵەمەند و هەژارەوە، ئایا تەنیا کێشەکە بەوە چارەسەر دەبێت داوا لە پزیشکەکان بکەین زۆر دەرمانی دژە بەکتریا بۆ نەخۆشەکان نەنووسن یان نەخۆشەکان هۆشیار بکەینەوە زۆر داوای دەرمانی دژە بەکتریا نەکەن؟ 

ڕەنگە کێشەکە تەنیا هەر ئەوە بێت و پێویست بکات کۆمپانیاکانی دەرمان دژە بەکتریای چالاکتر بەرهەم بهێنن. تایبەتمەندی دژە بەکتریا لەوەدایە کە خراپ بەکارهێنانی هەر تەنیا بۆ ئەو کەسە خراپ نیە بەڵکو کاریگەرییەکی گشتی هەیە لەسەر هەمووان رێک وەکو گۆڕانی ئاو و هەوا وایە، ئەم کێشەیە هاوبەشە نەخۆش و ساغ و نەخۆشخانە و هەموو سیستمەکان گیرۆدە دەکات. 

مەسەلەکە رێک وەک مەسەلەی پڵنگ و ئاسک وایە. پڵنگ وا گەشەی پێ دراوە کە خێراتر را بکات ئەگەرنا لە برسا دەمرێت، پاشان ئاسکەکان وا گەشەیان پێ درا کە لە جاران خێراتر رابکەن ئەگینا دەبنە خۆراک.

لە ململانێی نێوان ئێمە و بەکتریادا پێویستە بزانین ئێمە ئاسکەکەین. کوڕ و کوڕەزا و کوڕەزاکانی بەکتریا توانیویانە وا لە خۆیان بکەن بەرگەی دژە بەکتریا بگرن کەواتە بۆ ئەوەی لە جەنگەکەدا براوە بین پێویستە هەنگاوێک پێش بەکتریا بکەویت یەکێک لە رێگەکان دۆزینەوەی هەر شتێک کە وامان لێ بکات کەمتر پێویستمان بە دژە بەکتریا بێت ئیتر لەڕێگەی کوتانی خەڵکەوە بێت یان قەڵاچۆکردنی پەتاکان بێت یان پەیڕەوکردنی زیاتری پاکوخاوێنی، رێگەیەکی تر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی دژە بەکتریا گرانکردنی نرخەکەیەتی واتە وەک چۆن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا بە تایبەت لە کاتژمێرە زێڕینەکاندا نرخەکەی زیاد دەکەن ئاوهاش گرانکردنی نرخی دژە بەکتریا رێکارێکی سەرکەوتوو دەبێت بۆ کەمتر بەکارهێنانی و تەرخانکردنی بۆ حاڵەتە هەرە پێویستەکان، ئەمە رەنگە پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بیر بکرێتەوە لە بەرهەمهێنانی دەرمانێکی دیکە وەک چۆن نرخ و زیانەکانی بۆ سوتەمەنی وایانکرد مرۆڤ بیر لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکاتەوە. 

لە یەکەم لێکدانەوەدا وا دێتە بەرچاو کە ئەمە کارێکی ناماقوڵ و ناپەسەند بێت و زیادکردنی نرخی دەرمانی دژە بەکتریا شتێک نیە مرۆڤ لەگەڵیدا راهاتبێت، بەڵام با وردتر بیر لە مەسەلەکە بکەینەوە دژە بەکتریا دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە ژیانی مرۆڤێک رزگار بکات بەڵام دەرمانی شێرپەنجە رەنگە تەنیا چەند مانگێک یان چەند ساڵێک مرۆڤەکە لە مردن بپارێزێت کەچی بەلایەوە ئاساییە بە نرخێکی گران ئەو دەرمانە بکڕێت. دیارە ئەمە کارێکی ئاسان نیە کە نەخۆش قەناعەت پێ بکەیت رۆژی 200 هەزار دینار بدات بە دەرمان بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنێکی باو کەواتە پێویستە زیاتر بیری لێ بکەینەوە.

رێگەکانیش بریتین لە جەختکردنە سەر لایەنەکانی دیکەی هەوکردن و توانای بەرهەڵستی نەخۆش وەک خۆراک و تەواوکەرە خۆراکییەکان و خۆپاراستن.

ئێمە کاتێک گەورەیی کێشەکەمان باشتر بۆ دەردەکەوێت کە بزانین ئێستا نەحۆشی سیل بە تایبەت لە هیندستان و باشووری ئەفریقادا بەرهەڵستی هەموو دەرمانەکان دەکەن نەک هەر ئەوە بەڵکو لە بواری کشتوکاڵ و مەلاریا و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانیشدا کێشەی گەورە سەریان هەڵداوە تەنانەت دەرمانی مشکیش کاریگەری جارانی نەماوە لەسەر مشک کەواته ئەوەی لە رابوردوودا بە دەسمان هێناوە توانیویەتی تەنیا ئەوپەڕەکەی تا 100 ساڵ دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی سروشتمان بۆ ببەخشێت و بەداخەوە ئێمە ئەو توانایەمان تا رادەیەکی زۆر بەفیڕۆداوە، چونکە نەمانزانیوە سروشت بەدوای رێگەی کاریگەرتردا دەگەڕێت و ئێستا لە سەرەتای ئەو قۆناغەداین. ئەگەر فریای خۆمان نەکەوین ئەوا وەک سەدەیەک لەمەوپێشمان لێ دێت کە دڕکێکی ئالودە بە بەکتریا بۆی هەبوو بمانکوژێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure