ئه‌و پیشه‌یه‌ى هه‌ورامییه‌كان خاوه‌نى بوون به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت
هەواڵ / ئابوری :: 08/11/2019 :: 257 جار بینراوە
دواڕۆژ، راپۆرتی عه‌لى حه‌مه سه‌عید
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دروستكردنى كڵاش به یه‌كێك له پیشه هه‌ره كۆنه‌كانى ههورامییهكانى كوردستان داده‌نرێت، به‌ڵام ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه به هۆى هاورده‌كردنى كڵاشى ئاماده‌كراو له ئێران و وڵاتانی ده‌ره‌وه، وه‌ستا ههورامییهكانى دروستكردنى كڵاشى له پیشه‌كه‌یان دوورخستووه‌ته‌وه و به ده‌یان خێزان بێكار بوون، به وته‌ى ههورامییهكانیش ئه‌مه وایكردووه كه پیشه‌ى دروستكردنى كڵاش مه‌ترسى له‌ناوچوونى له‌سه‌ر بێت.
له رابوردوودا به‌شێكى زۆرى ژنان و پیاوانى نیشته‌جێى شارۆچكه‌ى ته‌وێڵه و ناحیه‌ى بیاره و گونده‌كانى ده‌وروبه‌رى شانبه‌شانى باخدارى سه‌رقاڵى دروستكردنى كڵاشى هه‌ورامیش بوون كه ناوبانگێكى باشیان په‌یدا كردبوو له دروستكردنى باشترین جۆرى كڵاش، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا چه‌ند كه‌سێكى كه‌م وه‌ك وه‌ستا درێژه‌یان به پیشه‌ى دروستكردنى كڵاش داوه له‌هه‌ورامان.
یه‌عقوب هه‌ورامى، یه‌كێك له وه‌ستاكانى دروستكردنى كڵاش له شارۆچكه‌ى ته‌وێڵه له‌باره‌ى هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌و كهسانەى كه خەریكى دروستكردنى كڵاشى هه‌ورامین به دواڕۆژى راگه‌یاند: ته‌نیا یه‌ك هۆكار نییه كه كه كاریگه‌رى راسته‌وخۆى هه‌بێت له دووركه‌وتنه‌وه‌ى هه‌ورامییه‌كان له پیشه‌كه‌یان به‌ڵكو چه‌ند هۆكارێك هه‌ن، له‌وانه له‌ساڵانى رابوردوودا كاتێك كه دۆخى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم باش بوو ژماره‌یه‌كى زۆر له هاووڵاتیان له فه‌رمانگه حكومییه‌كان دامه‌زران له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌شێكى زۆرى ئه‌وانه‌ى كڵاشیان دروستده‌كرد بونه فه‌رمانبه‌ر و دووركه‌وتنه‌وه له پیشه‌كه‌یان.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هۆكارێكى دیکە په‌یوه‌ندى به كۆچكردنى ههورامییهكانهوه هه‌یه له ته‌وێڵه و بیاره‌وه بۆ شاره‌كانى تر‌ى وه‌ك سلێمانى و هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه و شاره‌كانى تر، به‌جۆرێك له‌و شارانه‌دا خۆیان به پیشه‌یه‌كى تره‌وه سه‌رقاڵ كردووه، بڕه پاره‌یه‌كى زیاتریان ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها هۆكارێك كه ئێستا زۆر كاریگه‌رى هه‌بێت ئه‌وه‌یه له ئێرانه‌وه كڵاشى ئاماده كرا‌و هاورده ده‌كرێن به نرخێكى هه‌رزان ده‌فرۆشرێن، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه هاووڵاتیان كه‌متر روو له‌كڕینى كڵاشى هه‌ورامى بكه‌ن.
ره‌سوڵ عه‌لى كه پێشتر به پیشه‌ى دروستكردنى كڵاشى هه‌ورامییه‌وه سه‌رقاڵ بووه و ئێستا كارى ئازاد ده‌كات بهدواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هاورده‌كردنی كڵاش له وڵاتی ئێرانه‌وه به رێژه‌یه‌كى زۆر زیادیكردووه و هیچ چاودێرى و گومرگێكیان ناخرێته سه‌ر و هه‌روه‌ها به نرخێكى هه‌ران ده‌فرۆشرێن به‌جۆرێك جوتێك كڵاشى ئێرانى به نزیكه‌ى 10 تا 20 هه‌زار دیناره، ئه‌مه وایكردووه وه‌ستاكانى دروستكردنى كڵاش له هه‌ورامان كاڵاكانیان بۆ ساغ نه‌بێته‌وه و بیر له پیشه‌یه‌كى تر بكه‌نه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووە كه پیشه‌ى دروستكردنى كڵاش له هه‌ورامان مه‌ترسى له‌ناوچوونى له‌سه‌ره.
به پێویستیشى زانى كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌تایبه‌ت له خاڵه سنوورییه‌كان و مه‌رزه لاوه‌كییه‌كاندا رێكارى پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ هاورده‌كردنى كڵاش له ئێرانه‌وه، چونكه به ده‌یان خێزانى هه‌ورامان بێكار ماونه‌ته‌وه و وازیان له پیشه‌كه‌یان هێناوه له‌كاتێكدا له رابوردوودا به سه‌دان كه‌س هه‌بوون له ته‌ویڵه و بیاره سه‌رقاڵى ئه‌و كاره بوون.
محه‌مه‌د خورشید، یه‌كێك له هاووڵاتیانى ناحیه‌ى بیاره به دواڕۆژى وت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هاورده‌كردنى كڵاش له ئێرانه‌وه زیانێكى ئابورى زۆرى به‌دانیشتوانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ى ئێمه گه‌یاندووه و بووه‌ته هۆى بێكار بوونى ده‌یان خێزان، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ناوبانگى كڵاشى ههورامیشى له‌كه‌دار كردووه، چونكه ئه‌و كڵاشانهی له ئێرانه‌وه ده‌هێنرێن ناتوانێت وه‌ك كڵاشی هه‌ورامی بێت نه له چنیندا نه له كه‌ره‌سته‌كاندا، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك كه‌س له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆی به نرخێكى هه‌رزان به ناوى كڵاشى هه‌ورامییه‌وه ده‌یفرۆشن".
هه‌رچه‌نده تائێستا ئامارێكی ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه كه ئاخۆ ساڵانه چه‌ند كڵاش دروست ده‌كرێت و چه‌ند له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرێت، به‌ڵام به گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژ ده‌ركه‌وتووه كه ساڵانه ده‌یان هه‌زار جووت كڵاش له سه‌رجه‌م بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێن و به‌شێكى زۆرى ئه‌م كڵاشانهش ئه‌وانه‌ن كه له‌ئێرانه‌وه هاورده كراون.
نرخى كڵاشى هه‌ورامى له‌ڕووى جۆر و كوالیتییه‌وه به‌سه‌ر سێ جۆردا دابه‌شكراون، جۆرى یه‌كه‌میان نرخه‌كه‌یان ده‌چێته 80 هه‌زار دینار كه ئه‌مانه باشترین جۆرى كڵاشن، جۆرى دووەم نرخه‌كه‌یان 60 هه‌زار دیناره و جۆرێكى مام ناوه‌ندن، هه‌رچى جۆرى سێیه‌مى كڵاشى هه‌ورامییه نرخه‌كه‌یان له نێوان 40 بۆ 45 هه‌زار دیناره له‌ڕووى كوالیتى و شێوازى دروستكردنیانهوه وه‌ك دوو جۆره‌كه‌ى دیكه باش نین ئه‌و جۆره كڵاشهش کە له ئێرانه‌وه دێن نرخه‌كه‌یان له نزیكى 20 ههزاردیناردایه.
پ: چ.ع