به‌رهه‌مهێنانى فستق له‌ پارێزگایەکی هەرێم له‌ گه‌شه‌كردندایه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 319‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌هۆى له‌ بارى كه‌شوهه‌وا و به‌پیتى خاكه‌كه‌ى، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رهه‌مهێنانى فستق له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رووى له‌ گه‌شه‌كردن كردووه‌، ئه‌مساڵیش له‌ رووبه‌رى 500 دۆنم زه‌ویدا زیاتر له‌ 70 هه‌زار دار فستق هاتوونه‌ته‌ به‌رهه‌م، چاوه‌ڕێده‌كرێت هاوشێوه‌ى به‌رهه‌مى هه‌نار فستقى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوبانگى باش ده‌ربكات.  

له‌ ئێستادا رووبه‌ری ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كراونه‌ته‌ فستق 500 دۆنم ده‌بێت كه‌ زیاد له‌ 70 هه‌زار دارى فستق له‌خۆده‌گرێت، به‌ وته‌ى جوتیارانى ناوچه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكارى جوتیاران بكات، ئه‌وا له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوودا هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌ هه‌ره‌ باشه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى فستق له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

بورهان شێخ عیزه‌دین، ئه‌ندازیارى كشتوكاڵى و خاوه‌نى یه‌كه‌م باخى فستق له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ ساڵى 2004ه‌وه‌ به‌ ته‌نیا له‌ رووبه‌رى 18 دۆنم زه‌ویدا ده‌ستمكردووه‌ به‌ دروستكردنى یه‌كه‌م باخى فستق كه‌ سه‌ره‌تا به‌ رێگه‌ى تۆو ده‌ستم پێكرد و دواتر كه‌ فستقه‌كه‌ بوون به‌ نه‌مام له‌ڕێگه‌ى پێوه‌ن كردنه‌وه‌ ژماره‌ى دارفستقه‌كانم زیاد كرد، به‌جۆرێك له‌ ئێستادا ژماره‌ى دارفستقه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ زیاد له‌ 10 هه‌زار دار فستق.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ماوه‌ى چوار ساڵ ده‌بێت باخه‌كه‌ به‌ته‌واوى كه‌وتووه‌ته‌ به‌رهه‌م، له‌ساڵى رابوردودا نزیكه‌ى دوو تۆن  فستقم هه‌بوو، به‌ڵام له‌ مساڵدا رێژه‌كه‌ زیادیكردووه‌ بۆ نزیكه‌ى سێ تۆن، پێشبینیش ده‌كه‌ین له‌ساڵانى داهاتوودا به‌رهه‌مه‌كه‌مان زیاد بكات.

ئه‌و خاوه‌ن باخه‌ فستقه‌ ئه‌وه‌شى وت: "یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى دارى فستق ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێر و مێ پێكدێت هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى ره‌شه‌باوه‌ پیتاندن له‌نێوان ئه‌و نێر و مێیه‌دا رووده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ره‌تاى مانگى نیساندا ده‌بێت كاتێك داره‌ نێره‌كه‌ هه‌ڵاڵه‌یه‌ك دروست ده‌كات و دواتر له‌ رێگه‌ى ره‌شه‌باوه‌ ئه‌م هه‌ڵاڵه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ داره‌ مێینه‌كه‌ به‌وجۆره‌ به‌رهه‌مى فستقه‌كه‌ پڕده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م كرداره‌ روونه‌دات ئه‌وا به‌رهه‌مى فستق پوچ ده‌بێت". 

باسی لەوەشکرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى فستق له‌ناوچه‌ شاخاوییەكانیش په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت، به‌ڵام زه‌وى ناوچه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زوور زۆر له‌باره‌ بۆ ناشتنى، چونكه‌ فستق تواناى هه‌یه‌ له‌ پله‌ى گه‌رمى 25 پله‌ خوار سفر و هه‌روه‌ها 50 پله‌ى سه‌روو سفر خۆى رابگرێت كێشه‌ى بۆ دروست نه‌بێت، هه‌روه‌ها بەراورد به‌ نه‌مام و دره‌خته‌كانى تر كه‌مترین نه‌خۆشى ڕووى تێده‌كات و پێویستیشى به‌ ئاوێكى زۆر نییه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت جوتیاران زه‌وییه‌كانیان بكه‌ن به‌ باخى فستق.

ستار مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دواڕۆژى روونكرده‌وه‌: یه‌كێك له‌ گرفته‌كانى به‌خێوكردن و به‌رهه‌مهێنانى فستق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت خاوه‌ن باخه‌كان پێوه‌نى باشیان ده‌ستبكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى كردارى پیتاندن به‌باشى رووبدات و به‌رهه‌مێكى باش ده‌ستبكه‌وێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوامان له‌ كه‌سانى پسپۆڕ كردووه‌ كه‌ شاره‌زایى ته‌واویان له‌ به‌رهه‌مهێنانى فستقدا هه‌یه‌ زانیارى پێویست بده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت باخى فستق به‌رهه‌م بهێنن، بۆیه‌ ئێمه‌ هانى جوتیاران ده‌ده‌ین كه‌ ده‌ستبكه‌ن به‌ناشتنى باخى فستق.

نه‌جمه‌دین عومه‌ر، لێپرسراوی هۆبه‌ی باخداری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ پلانه‌ ستراتیژییه‌كانمان بریتیه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى ئه‌و باخانه‌ى كه‌ به‌رهه‌مێكى گرانبه‌هایان هه‌یه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ رێگه‌ى نه‌مامگه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ستمان كردووه‌ به‌ دابه‌شكردنى نه‌مامى فستق و زه‌یتون به‌سه‌ر ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ خوازیارن باخى فستق و زه‌یتون دروست بكه‌ن.  

به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئاو و هه‌وا و خاكی سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر له‌باره‌ بۆ داری فستق، چونكه‌ فستق دره‌ختێكى دێمییه‌، واته‌ پێویستی به‌ ئاوی زۆر نییه‌ و ده‌توانرێ له‌ زه‌وییه‌ بێ ئاو و قه‌دپاڵه‌كان بچێنرێت وه‌ك ره‌ز و باخ.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure