هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عیراق به‌ بڕیارێكى سیاسى ده‌زانرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

له‌ درێژه‌ى راگه‌یاندنى چاكسازییه‌كانى عیراق بۆ هێوركردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بڕیارى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عیراقى ده‌ركرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كى (10) كه‌سى پێكهێناوه‌ و ده‌بێت له‌ماوه‌ى  چوار مانگى داهاتوودا راسپارده‌كانیان ته‌واو بكه‌ن و ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانى عیراقى بكه‌ن.

ئه‌گه‌رچى سێ له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كوردن، به‌ڵام لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور دڵخۆش نین و به‌شێكیان واده‌بینن ده‌ستێكى سیاسى له‌پشته‌ چونكه‌ ده‌ستبردن بۆ هه‌ر ماده‌یه‌كى ده‌ستورى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌ ره‌نگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كورد نه‌بێت، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستان بڕیارى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور له‌ ئیستادا به‌ باش نازانن، شاره‌زایانیش راى جیاوازیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌.

یاساناسێكیش ده‌ڵێت: "پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانتارانى كورد بۆ خه‌ڵكى روونبكه‌نه‌وه‌ كێشه‌ى عیراق گه‌نده‌ڵییه‌ نه‌ك ده‌ستور".

حاكم شێخ له‌تیف، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و یاساناس به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عیراق بڕیاری له‌سه‌ردرا بۆ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عیراق به‌باش نایبینم، چونكه‌ كێشه‌ى خه‌ڵكى عیراق ده‌ستور نیه‌ به‌ڵكو گه‌نده‌ڵییه‌.

وتیشى: "عیراق خاوه‌نى ده‌ستوورێكى پێشكه‌وتووه‌ و مافى گه‌لى عیراقى تیادایه‌ و هه‌ر چه‌ند مافى گه‌لى كوردیشى تیادا پارێزراوه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ وڵاتانى ناوچه‌یى ئه‌وانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ ده‌ستوردا نیه‌ داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆنى ڕق و كینه‌ له‌نێوان هه‌رێم و عیراق دروستده‌كات".

ده‌شڵێت: "هیچ به‌رچاوڕوونیه‌ك نیه‌ كه‌ ده‌ریخات ده‌ستورى داهاتووى عیراق ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى تیادابكرێت چۆن ده‌نووسرێته‌وه‌ ئایا مافه‌كانى كوردى تیادا پارێزراو ده‌بن یاخود نا ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ كێشه‌كان قوڵتربكاته‌وه‌".

شێروان حه‌یده‌رى، وه‌زیرى دادى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌  به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تائیستا دیارنیه‌ ده‌ستكاریكردنى ده‌ستور به‌ چ ئامانجێكه‌، ئایا مه‌به‌ست لێى گۆڕانكارییه‌ له‌ چه‌ند بڕگه‌ و ماده‌یه‌كى په‌یوه‌ست به‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌لى عیراق، یاخود ده‌ستكاریكردنى ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان كه‌مده‌كاته‌وه‌.

وتیشى: "بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تى كوردستان ئاماده‌كارى بكات و لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زاى یاسایى دروستبكات به‌مه‌به‌ستى پاڵپشتیكردنى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى له‌ لیژنه‌ى هه‌موواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا به‌ژدارن و ئه‌مه‌ش به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت".

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر نه‌فه‌سێك له‌پشتى ئه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ بێت به‌ نیه‌تى  كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى  كورد، ئه‌وا نه‌ گه‌لى كورد قبوڵى ده‌كات  و ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانیش به‌و دۆخه‌ رازى نابن، چونكه‌ كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كان له‌ عیراق قوڵترده‌كاته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش قازانجى هاوپه‌یمانان نابێت.

پارێزه‌ر دانا دارا له‌باره‌ى پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عیراق و ئه‌و داخوازییه‌ى ئیستا هاتووه‌ته‌دى رایگه‌یاند: هه‌موان ره‌وایه‌تى خۆپیشاندانه‌كان و خه‌ڵكه‌ به‌ش مه‌ینه‌ته‌كه‌ى ده‌زانین، به‌ڵام له‌ ئێستادا داخوازییه‌كان له‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ گۆڕدراون بۆ ژماره‌یه‌ك داواكارى سیاسى كه‌ دیارترینیان بریتیه‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى ساڵى 2005ى عیراق.

وتیشى: "ده‌ستور ده‌قێكى باڵایه‌ و یاساى بنچینه‌یى وڵاته‌ بۆ ئه‌وه‌ش دامه‌زراوه‌ دامه‌زراوه‌كان حكومڕانییه‌كى باش وه‌ربگرن، زۆرجار پێویسته‌ كه‌ ده‌ستورێكى نووسراو وه‌ك ده‌قێكى باڵا هه‌بێت و هه‌موان وه‌ك مه‌رجه‌ع سه‌یری بكه‌ن و پێیه‌وه‌ پابه‌ندبن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دواى بنیاتنانه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كانى عیراق له‌ دواى (2003)وه‌ ئه‌مریكییه‌كان سه‌رپه‌رشتى ئه‌و پرسه‌یان كردووه‌ و له‌دایكبوونى ده‌ستور له‌ دۆخێكى جیاوازدا به‌رهه‌مهاتووه‌ و هه‌مواركردنیشى هیچ قودسیه‌تێك نیه‌ بۆ ده‌قه‌كانى، به‌ڵام ده‌ستورى عیراقى ساڵى 2005 جۆرى ده‌ستورە (ماجده‌)كانه‌ كه‌هه‌مواركردنى قورس و میكانیزمه‌كانی گرانه‌.

وتیشى: "پێویسته‌ گه‌لى عیراق و خۆپیشانده‌رانیش ئه‌وه‌ بزانن له‌كاتى ئێستادا ده‌ستبردن بۆ هه‌مواركردنى ماده‌ى (126)ى ده‌ستور هه‌ڵه‌یه‌ له‌ كاتێكدا پێشتر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق لیژنه‌یه‌كى بۆ ده‌ستكاریكردنى هه‌ندێك له‌ بڕگه‌ و ماده‌كان پێكهێنا، به‌ڵام هه‌ر حیسابى بۆ نه‌كرا و وه‌لانرا".

باسى له‌وه‌شكرد: پێگه‌ى گه‌لى كورد له‌ ده‌ستورى ئیستاى عیراقدا به‌هێزه‌ و تاكه‌ هه‌رێمه‌ به‌ ماده‌ى سه‌ربه‌خۆ دانی پیادانراوه‌ و پێگه‌ یاساییه‌كه‌ى سه‌لمێندراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بزانرێت ئه‌گه‌ر ده‌ستور هه‌مواربكرێته‌وه‌ پێگه‌ى هه‌رێم وه‌ك پێشتر ده‌مێنێته‌وه‌؟ یان كێ ده‌چێت واژۆ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ كۆتاییه‌ بكات؟ كه‌ ئه‌مه‌ ناڕوونه‌ و كه‌س نازانێت به‌چ میكانیزمێك په‌سه‌ند ده‌كرێت.

وتیشى: "پێویسته‌ بە گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن پرسى ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێت نه‌ك به‌ زۆرینه‌ و ده‌نگدان، ئه‌گه‌رنا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كورد لایه‌نى شكست ده‌بێت".

هاوكات هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور نیشانداوه‌ و هیچ كامێكیان له‌گه‌ڵ ده‌ستكاریكردنى ده‌ستور نین له‌حاڵی ئێستادا، چونكه‌ كێشه‌ى خه‌ڵكى عیراق و دروستبوونى خۆپیشاندانه‌كان به‌ هه‌ڵقوڵاوى كێشه‌یه‌كى زۆر و جێبه‌جێنه‌كردنى بڕگه‌كانى ده‌ستور ده‌زانن نه‌ك كێشه‌كه‌ له‌ ده‌ستوردا بێت.

به‌رپرسانى هه‌رێم جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌: بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عیراق ئاماده‌ن هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند بكه‌ن و گرفته‌كان تێپه‌ڕێنن.

شاره‌زایانى یاساییش له‌هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور له‌ ئیستادا به‌ باش نازانن و پێیان وایه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ى ده‌ستور ده‌بێت له‌كاتێكى سه‌قامگیرى سیاسیدا ئه‌نجام بدرێت و ده‌ستكاریكردنیشى كات و كۆده‌نگى پێویسته‌ نه‌ك له‌و دۆخه‌ شلۆق و ناسه‌قامگیریه‌دا.

سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیش له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرسى ده‌ستور بۆچوونیان وایه‌ ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كانى عیراق مه‌به‌ستیان رازیكردنى خه‌ڵكى ناڕازى عیراقه‌، ده‌بێت خزمه‌تگوزارى راسته‌وخۆ پێشكه‌ش بكه‌ن نه‌ك ده‌ستبردن بۆ پرسێك كه‌ هیچ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانى گه‌لى عیراق چاره‌سه‌ر ناكات و برسیه‌تى و هه‌ژاریش كه‌مناكاته‌وه‌، بۆیه‌ گومان له‌ به‌ سیاسیكردن و به‌لاڕێدابردنى ئامانجى خۆپیشاندەران ده‌كرێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ هۆشدارى دراوه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure