جۆرێك شیرینى منداڵان قه‌ده‌غه‌كرا

هەواڵ / کوردستان :: 07/11/2019‌ :: 3571‌ جار بینراوە

دواۆژ،زریان محه‌مه‌د
 قائیمقامیه‌تی سلێمانی فرۆشتنى جۆرێك شیرینی منداڵان له‌ سۆپه‌رماركێت و دوكانه‌كاندا قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و ئاماژه‌ به‌ هۆكارى ئه‌و بڕیاره‌شده‌دات و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر شوێنێك ئه‌و جۆره‌  شیرینیه‌ بفرۆشێت رووبه‌ڕووى سزا ده‌بێته‌وه‌.

گۆران قادر،سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تى سلێمانی به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند:"تێبینی كراوه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ دوكان و فرۆشگاكاندا جۆرێك شیرینی هاورده‌كراو ده‌فرۆشرێت كه‌ بۆ سه‌رنجڕاكێشانی منداڵان له‌ شێوه‌ی جگه‌ره‌دا دروستكراوه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ رووی كوالێتییه‌وه‌ وه‌كو پێویست نییه‌، له‌هه‌مان كاتدا جۆرێكه‌ له‌ هاندانی منداڵان تا به‌لاڕێدا بڕۆن و حه‌زیان بۆ كێشانی جگه‌ره‌ دروست ده‌بێت".

ڕاشیگه‌یاند له‌ هه‌ر دوكان و فرۆشگا و ماركێتێكدا هه‌ر جۆره‌ شیرینی یان خواردنه‌ی منداڵان له‌ شێوه‌ی جگه‌ره‌دا ببینرێت راسته‌خۆ فرۆشگاكه‌ رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure