ڤیدیۆ: ساتی هێرشی ژن و مێردێک بۆ سەر زەڕەنگەرێک

هەواڵ / کوردستان :: 07/11/2019‌ :: 3604‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2019، ژن و مێردێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناو بازاڕی قەیسەری رانیە بە مەبەستی دزینی زێڕ لە دوکانێکی زەڕەنگەر، هێرش دەکەنە سەر  زەڕەنگەرەکە و کۆمەڵێک پارچە زێڕ لە دووکانەکە دەدزن. بەڵام دوای 5 خولەک لە رووداوەکە پۆلیسی ناو بازاڕ بەهاوکاری دووکاندارەکانی بازاڕی رانیە ئەو ژن و مێردە دەستگیردەکەن و کەسێکی تریش بە تۆمەتی هاوکاریان دەستگیرکرا.


بەوتەی کارمەند کەمال کوڕی خاوەن دووکانەکە، ئەو ژن و مێردە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چاودێری دووکانەکەیان کردووە بۆ ئەوەی لە نیوەڕۆدا و لە کاتی چۆڵبوونی قەیسەریەکە هێرش بکەنە سەر یەکێک لە زەڕەنگەرەکان بۆ دزینی زێڕ.

کارمەند بەدواڕۆژی وت: "ئەو ژن و مێردە بە بیانوی گۆڕینی زێڕ هاتونەتە دووکانەکەی ئەوان و دوای داواکردنی پارچەیەک زێڕ لەو کاتەی باوکی سەرقاڵی داگرتنی ئەو پارچەیە دەبێت مێردی ژنەکە بە چەکوشێکی نزیکەی 7 کیلۆیی هێرش دەکاتە سەر باوکی و بە سەختی برینداری دەکات و بۆ ماوەیەک بێهۆش دەبێت و ئەوانیش چەند پارچە زێڕێک دەدزن".

کارمەند کەمال وتیشی: "دوای بەهۆش هاتنەوەی باوکم هاوار دەکات و داوای هاوکاری دەکات لەو کاتەدا دوکاندارەکان و پۆلیس ئەو ژن و مێردە دەستگیردەکەن، بەهۆی هێرشەکە باوکم برینێکی 17 تەقەڵی لەسەری دروست بووە، بەڵام باری تەندروستی لە ئێستادا جێگیرە".

هاوکات شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بەدواڕۆژی راگەیاند:  لەسەر ئەو رووداوە ژن و مێردێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکارێکیان کە خەڵکی باشوری کوردستانە دەستگیرکراون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure