50 هه‌زار دینار له‌ هه‌ندێك كۆمپانیا و 23 هه‌زار دینار له‌ هاووڵاتیانى هه‌ولێر وه‌رده‌گیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/11/2019‌ :: 911‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌سه‌ر گرانكردنى نه‌وتى سپى ماڵان و پێدانى زه‌وى موساته‌حه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نادادپه‌روه‌رى و وه‌رگرتنى 50 هه‌زار دینارى مانگانه‌ له‌ هه‌ندێك كۆمپانیا و داخستنى قومارخانه‌كانى هه‌ولێر، فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگارى هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌.


رۆژی پێنجشه‌ممه‌  7ى تشرينى دووەمی 2019، سه‌رۆك و ئه‌ندامانى فراكسیۆنى گۆڕان له‌گه‌ڵ فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌، فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاندووه‌: "نه‌وتی سپی له‌ عێراقه‌وه‌ به‌ 30 هه‌زار دینار به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر به‌ 53 هه‌زار دابه‌شدە کرێت"، له‌به‌رامبه‌ردا پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌: به‌دواداچون ده‌که‌ن و رێگە به‌و کاره‌ ناده‌ن.

فراكسیۆنى گۆڕان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "حکومه‌تی عێراق 50 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی کوردستان دابینکردووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌شی ته‌نیا 25٪ى هه‌رێمی کوردستان ده‌کات، بۆیه‌ ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم خۆی 75٪ه‌که‌ی دیکه‌ دابینبکات، به‌ڵام پاش به‌دواداچوونیان لە‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پاره‌ی پێویست دابین ده‌کرێت بۆ نه‌وتی سپی ماڵان".

له‌باره‌ى زه‌وى موساته‌حه‌، فراكسیۆنى گۆڕان، ده‌ڵێت: "له‌ماوه‌ی رابوردوودا چه‌ندین که‌س به‌شێوه‌یه‌کی نادادپه‌روه‌رانه‌ زه‌وی موساته‌حه‌یان پێدراوه‌، چه‌ندین زه‌وی هیچ کاری تیادا نه‌کراوه‌، بۆیه‌ پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌: هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ وه‌رده‌گرینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌رخانکردنی زه‌وی بۆ به‌نزینخانه‌ پێویست نییه‌ و بڕیاره‌ له‌مه‌ودوا زه‌وی پێویست ته‌نیا بۆ کارگه‌ ته‌رخانبکرێت".

فراكسیۆنى گۆڕان، راشیگه‌یاندووه‌: چه‌ند کۆمپانیایه‌ک به‌ناوی سکیوریتی، له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌کانی هه‌ولێر پاره‌ وه‌رده‌گرن بۆ نموونه‌، زیاتر له‌ پێنج هه‌زار کۆگا له‌ رێگه‌ی گوێڕ هه‌ن و مانگانه‌ 50 هه‌زار دینار له‌هه‌ر کۆگایه‌ک وه‌رده‌گیرێت بۆ کۆمپانیا، بۆیه‌ داواكراوه‌ کۆتایی به‌م کاری سکیورتییه‌ بێت، دوکان و کۆمپانیاکان باج و رسومات ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌رکی حکومه‌ته‌ ئه‌منیه‌تیان دابینبکات.

بۆ كێشه‌ى وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌، پارێزگارى هه‌ولێر به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات. فرسه‌ت سۆفى، بڕیاریداوه‌ له‌هه‌ر شوێنێکی پارێزگای هه‌ولێر قومارخانه‌ هه‌بێت، دابخرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure