له‌باره‌ی رێگریكردن له‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1118‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ نووسینگه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌هه‌ندێك ماڵپه‌ڕ و پێگه‌ى سۆشیال میدیادا هاتووه‌: كه‌ دەنگۆی رێگرى له‌ ڕێواز فایه‌ق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى چوونى بۆ هۆتێل رۆتانا و به‌شدارى له‌ دیدارى مێرى، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌دا كه‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌ لایه‌ن نووسینه‌گه‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: هه‌واڵى رێگریكردن له‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌شێوه‌ى به‌رنامه‌ بۆ دانراو ناڕاسته‌ و سه‌رله‌به‌رى ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: له‌كاتى چوونى بۆ دیدارى مێرى له‌لایه‌ن پاسه‌وانانى هۆتێل رۆتانا ئاماژه‌ به‌ نه‌بوونى شوێنى وه‌ستان له‌ناو گه‌راجى هۆتێله‌كه‌ كراوه‌ و ئه‌مه‌ش به‌هۆى زۆرى میوانه‌كان بووه‌ و سه‌ره‌نجام سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌بێ هیچ وته‌یه‌ك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌شدارى له‌ دیداره‌كه‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكار و میوانى له‌گه‌ڵ بووه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌بێ ئه‌وان بچێته‌ ژووره‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: هیچ كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیمه‌كانى پاسه‌وانى مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌بووه‌ و كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ نه‌بووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌كى له‌مشێوه‌یه‌ش هه‌بووایه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان هه‌ڵوێستى رەسمى وه‌رده‌گرت و كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ده‌به‌ست.

دیدارى مێرى، دیدارێكى ساڵانه‌یه‌ و تیایدا تاووتوێى پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت و ئه‌مساڵیش دیداره‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ پرسى خۆپیشاندانه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و  ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌بوو.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە