له‌باره‌ى به‌ گرانفرۆشتنى نه‌وتى سپى ماڵان روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 3096‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتى سپى كه‌ حكومه‌تى عێراق بۆ هه‌رێمى ده‌نێرێت، بڕى 23 هه‌زار له‌ هاووڵاتیان وه‌رده‌گرێت، به‌ڕێوه‌به‌رى سوته‌مه‌نى هه‌ولێر-یش هۆكارى وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌ زیاده‌یه‌ بۆ دواڕۆژ ئاشكراده‌كات.

له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، حكومه‌تى عێراق بڕیاریدا 50 ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى بۆ پارێزگاكانى هه‌رێم بنێرێت كه‌ نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 30 هه‌زار دینار به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت، به‌ڵام له‌هه‌ولێر نرخه‌كه‌ى به‌ 53 هه‌زار دینار به‌ هاووڵاتیان ده‌درێت.

له‌باره‌ى گرانكردنى نرخى نه‌وت له‌سه‌ر هاووڵاتیان، ئارى كاكه‌شین، به‌ڕێوه‌به‌رى سوته‌مه‌نى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "بڕى ئه‌و نه‌وته‌ى به‌غدا بڕیاریداوه‌ بە هه‌ر خێزانێكى بدات 200 لیتره‌، هه‌روه‌ها حكومه‌تى عێراق خه‌رجى گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌ له‌ وێستگه‌كانه‌وه‌ بۆ ماڵان له‌ ئه‌ستۆ ناگرێت".

وتیشى: "ئێمه‌ بڕى نه‌وتى هه‌ر به‌رمیلێك له‌ 200 لیتره‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌ 216 لیتر، هه‌روه‌ها تێچووى گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌ش له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرین، بۆیه‌ نرخه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر گرانكراوه‌".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure