دواڕۆژ لەبارەی به‌ هه‌میشەییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست زانیارى نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 425‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت: دیراسه‌ى به‌ هه‌میشەییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست كراوه‌ و له‌ داهاتوودا هاوشێوه‌ى مامۆستایان ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یى و به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانیش ده‌ڵێت: "به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ستى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى به‌پێى پێویستى ده‌بێت".

دوێنى چوارشه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووەمی 2019، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بڕیاریدا سه‌رجه‌م مامۆستایانى گرێبه‌ست كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار و 500 مامۆستایه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، به‌ڵام تائێستا بڕیارى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست نه‌دراوه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى دیراسه‌كردنێكى زۆر، حكومه‌ت بڕیارى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى مامۆستایانى گرێبه‌ستى داوه‌، به‌ڵام ماناى وانییه‌ جیاوازى له‌نێوان مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست كراوه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌میشه‌ییكردنیان به‌هۆى پێویستى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بووه‌ به‌ راژه‌ى ئه‌و مامۆستایانه‌ و دیراسه‌ى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ستیش كراوه‌ و له‌ داهاتوودا بڕیاریان له‌باره‌وه‌ ده‌درێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، وتیشى: "تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ى ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یى، ساڵانه‌ گرێبه‌سته‌كانیان بۆ نوێ ده‌كرێته‌وە و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌و رووه‌وه‌ دروست نابێت".

هاوكات كوردۆ شابان، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گفتوگۆ له‌باره‌ى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست كراوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌میشه‌ییكردنیان به‌پێى پێویستى ده‌بێت.

بەپێی ئامارێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێم، لەدوای ساڵی 2014وە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی 31 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا بەشێوەی گرێبەست دامەزرێندراون و ده‌بوو ئه‌وانه‌ى سێ ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌ بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، به‌ڵام به‌هۆى "قه‌یرانى دارایی"ه‌وه‌ تائێستا فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست نه‌كراونه‌ته‌ هه‌میشه‌یى.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure