دەوامی پەیمانگەكەی پێنجوێن راگیراوە

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 291‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

بەهۆی نەبوونی بەشە ناوخۆیی و شوێنی مانەوە بۆ خوێندكاران، هێشتا دەوامی پەیمانگەی تەكنیكی پێنجوێن دەستی پێنەكردووە و قایمقامی پێنجوێنیش، دەڵێت: "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، دوو هەنگاومان گرتووەتەبەر".


ئاسۆ محەمەد، یەكێك لەخوێندكارانی وەرگیراو لەپەیمانگەی تەكنیكی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: وەك خوێندكارێكی شاری سلێمانی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار ناوم بۆ پەیمانگەی پێنجوێن هاتەوە، بەڵام بەداخەوە لەم رۆژانەدا لەكاتی سەردانم بۆ ئەوێ وتیان، بەهۆی نەبوونی بەشە ناوخۆییەوە دەوام جارێ ناكرێت، ئەگەرچی پێشمان وتراوە، لەلایەن چەند كەسێكی پەیمانگەكەوە، لەسەر ئەركی خۆمان خانووی كرێ بگرین، ئەمەش وای لە ئێمە کردووە کە ئاستەكە یان بەشەكەمان دابەزێنین بۆ بەشێكی دیکە.

زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ یەكەم پەیمانگەی تەكنیكی كە سەر بەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە لەقەزاكەماندا كرایەوە و دەستی بەوەرگرتنی نزیكەی (170) خوێندكار كرد، بۆ هەردوو بەشی پەرستاری و كارگێڕی كار.

وتیشی: "بەڵام لەئێستادا ئەو بەشە ناوخۆییەی بۆ خوێندكاران دابینكراوە كێشەی نۆژەنكردنەوەی هەیە، بۆ ئەوەش سەردانی پەیمانگەكە و ئەو شوێنەمان كرد و دوو هەنگاوی خێرا دەگرینە بەر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە".

روونیشیكردەوە: "هەنگاوی یەكەم بریتیە لەوەی لە رێگەی سەرمایەدارێكی خێرخوازی پێنجوێنەوە كە كۆمپانیایەكی هەیە و وەك دیاری بۆ پێنجوێن ئەنجامی دەدات، هەڵدەستێت بەنۆژەنكردنەوەی بینای بەشە ناوخۆییەكە كە بڕەكەی لەنێوان (120 بۆ 160) ملیۆن دیناری تێدەچێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: هەنگاوی دووەم ئەوەیە كە ئەگەر نۆژەنكردنەوەكە نەكرا یان زۆری خایاند بەهۆی سەرما و سۆڵەوە، ئێمە تا ئەو كاتە لەناچاریدا بینای قایمقامیەتی نوێی پێنجوێن كە دەكەوێتە سەرەتای قەزاكەكەوە و  دەیكەین بەبەشە ناوخۆیی و تازەیە و هێشتا كەسی تێ نەچووە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە