له‌ هه‌ولێر به‌ "نهێنى" رێكه‌وتى به‌سه‌رچوونى خۆراكى ماوەبەسەرچوو تازه‌ كراوەته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 300‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانى هه‌ولێر، ده‌ستیان به‌سه‌ر سێ كۆگاى گه‌وره‌ى خۆراك و پێداویستى ناو ماڵدا گرت و سێ كه‌سیش ده‌ستگیر كران كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر و به‌ "نهێنى" رێكه‌وتى ئه‌و خۆراكانه‌یان گۆڕیوه‌ كه‌ ماوەیان بەسەرچووە.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی رێکخراو سەر بەئاژانسی پاراستن، لیژنه‌كانى قایمقامیەت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانى و بەشی پۆلیسی شارەوانی توانرا دەستبگیرێت بەسەر سێ کۆگای گەورەی خۆراک و پێداویستى ناوماڵ لە کۆگاکانی سەر رێگەی هەولێرـ گوێر.

وتیشى: "به‌پێى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سەرجەم ئەو خۆراک و خواردنانە ماوەیان بەسەرچووە، بەڵام لەڕێگه‌ى تێکردنەوە و گۆڕینی بە رێکەوتی تازە، ئامادە کراون و رەوانەی بازاڕەکان کراون و به‌شێكیشیان بۆ موسڵ نێردراون".

له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنى خاوه‌نى كۆگاكان، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتى: "رێکاری یاسایی گیراوه‌ته‌بەر و سێ کەس دەستگیركراون".

هاوكات هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ رێگه‌ى زانیارى ده‌ره‌كییه‌وه‌ چاودێرى كۆگاكان كراوه‌ و دواتر توانراوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر سه‌رجه‌م خۆراكه‌كاندا بگیرێت.

وتیشى: "ئه‌و كاره‌ زۆر به‌ نهێنى كراوه‌ و خۆراك و خوارده‌مه‌نییه‌كان به‌سه‌رچوون، به‌ڵام رێكه‌وتى نوێیان بۆ دانراوه‌ته‌وه‌".

له‌باره‌ى دادگاییكردنى كه‌سه‌كان و داخستنى كۆمپانیاكه‌، هێمن موراد وتى: "خۆراك و پێداویستییه‌كانى كۆگاكه‌ كه‌ بڕى خۆراكه‌كان یه‌كجار زۆر بووه‌، هى كۆمپانیه‌كى خۆماڵییه‌ كه‌ بریكارى كۆمپانیایه‌كى توركییه‌، به‌ڵام دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى خۆراكه‌کان دۆسیه‌كه‌ ره‌وانه‌ى دادگا كراوه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سزاى توند بدرێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure