حه‌وت فه‌رمانبه‌ری بانكەکانی هەولێر سزاده‌درێن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 502‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌هۆی دزینی پاره‌ی هاووڵاتیان له‌ بانكه‌كانی سنووری هه‌ولێر، حه‌وت فه‌رمانبه‌ر سزا دراون، به‌رپرسێكیش جۆری سزادانه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

  
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌كاروباره‌كانی بانك له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابوردوودا حه‌وت فه‌رمانبه‌ری بانك له‌سه‌ر دزینی پاره‌ی هاووڵاتیان سزا دراون كه‌ جۆری سزاكه‌یان دابه‌زاندنی پله‌ی فه‌رمانبه‌ری بووه‌.
 
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: "چه‌ند هاووڵاتیه‌ك سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ تۆمار كردووه‌ كه‌ له‌كاتی ته‌سلیمكردنی پاره‌ بۆ مه‌به‌ستی رسوماتی به‌ناوكردنی ئۆتۆمبێل و سزای هاتوچۆ رسوماتی به‌ناوكردنی خانوو به‌شێك له‌ پاره‌ی هاووڵاتییه‌كانیان دزیوه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: فه‌مانبه‌ر هه‌یه‌ كاتێك هاووڵاتی پاره‌كه‌ ته‌سلیمی بانك ده‌كات ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌ هه‌ل ده‌زانێت و بڕێك پاره‌ ده‌دزێت و دواتر بە هاووڵاتییه‌كه‌ دەڵێت پاره‌كه‌ت كه‌می كردووه‌ و ئیتر به‌م جۆره‌ دزی له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت. 

هاوكات به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌: كه‌ سكاڵای هه‌ندێک بانک گه‌یشتووەته‌ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا وه‌زاره‌ت سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ چۆنیه‌تی دۆسیه‌كه‌ و پێده‌چێت ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌ شوێنه‌كانی خۆیان دووربخرێنه‌وه‌ و كه‌سی تر له‌ شوێنه‌كانیان دابنرێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure