لەسلێمانی و ھەولێر بڕیارێکی وەزیرێکی هەرێم رەتدەکرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

پاش بڵاوکردنەوەی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ لەسایتی دواڕۆژ کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی و ھەولێر بڕیارەکەی وەزارەتەکە رەتدەکەنەوە.

عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: "ئەو بڕیارە کە لەم کاتەدا دەرکراوە مەبەست لێی ترێ و ھەنارە كە قەدەغەیە و لەبازاڕەکاندا ھەیە، ھەنار لەشارەکانی ناوەڕاست خواروی عێراق دێت و ھیچ کێشەیەکی نیە، بەڵام ترێ لەسنووری سلێمانی و دھۆک دێتە ناوەوە و ھیچ بازرگانێک ناتوانێت ھیچ میوەیەک بێنێت گەر بە بازگەکاندا تێپەڕ نەبێت".

راشیگەیاند: "وەک عەلوەی سلێمانی و عەلوەی ھەولێر یەک ھەڵوێستمان ھەیە و بڕیارەکەی وەزارەت و وەزیری کشتوکاڵ رەتدەکەینەوە".

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە، ئەو بەرھەمانەی بڕیاری ھاوردەکردنیان قەدەغەیە گەر لە عەلوەکاندا ھەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

عەتا محەمەد دەشڵێت: "پار ئەم کاتانە ھاوردەکردنی ترێ ئازادبوو، بەڵام لە سنوورەکانەوە بڕی شەش ھەزار دۆلار دەدرێت و بارێک ترێت بۆ دەهێننە ناو کوردستان بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی وەزیر رەتدەکەینەوە، ئەو دەتوانێت سنوورەکان توند و تۆڵ بکات نەک لەناو عەلوەکان، چونکە بازاڕی ئێمە ئازادە".

لە بڕیارەکەی وەزارەتدا ئاماژە بەوە کراوە: "لیژنەکانی بەدواداچوون و پشکنینی بازاڕ لەپارێزگاکان بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت لە ئەستۆ دەگرن، ھەر بەرھەمێکی ھاوردەکراو  لەھەر قاتعێکی عەلوەکانی ھەرێمی کوردستان بەدی بکرێت و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوەبکرێت دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای دارایی دەدرێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە