حكومه‌ت لەم وادەیە پرۆژەیاسای چاكسازی ره‌وانه‌ی پەرلەمان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 5 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 592‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت كە بەمنزیكانە پرۆژەیاسای چاكسازی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەگاتەوە پەرلەمانی كوردستان و رێككەوتنیش لەسەری هەیە.


ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدونێکدا بۆ دواڕۆژ وتی "تایبەت بەو لیژنە هاوبەشەی نێوان پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم لەبارەی پرۆژەی چاكسازی، ئێمە ئامادەكارییمان كردووەو كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پەرلەمان و حكومەت بەرێوەچووەو كارەكانی تەواو بووەو تا كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەكە دەگاتە پەرلەمان".

وتیشی "پرۆژەكە هیچ كێشەیەكی نییە، تەنیا ئەوەندە نه‌بێت كە پرۆژەیەكی رابوردووشمان هەیە پێكه‌وه‌ دەگونجێنرێن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی له‌وه‌شكرد: پرۆژه‌یاساكه‌ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی لەسەرە، چونكە لەكاتی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان هەمووان رێككەوتوون كە پرۆژەی چاكسازی بابەتێكی گرنگە و دەبێت لەم وەرزەی یاساداناندا دەربچێت و لە ماوەیەكی نزیكدا دێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure