بڕیارێك بۆ شۆفێرانی تاكسى ده‌ركرا

هەواڵ / کوردستان :: 07/11/2019‌ :: 4223‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى یاسای نوێ كارى تاكسى مه‌رجدار ده‌كات و نابێت ئه‌وانه‌ى ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن پێشینه‌ى خراپیان هه‌بێت و پێویسته‌ له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا په‌ڕاوى ئه‌ستۆپاكییان ده‌ربهێنن.


ئومێد محەمەد، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: تا شه‌ش مانگی تر پێویسته‌ سه‌رجه‌م شۆفێرانى تاكسى سه‌ردانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى شاره‌كانیان بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستى پڕكردنه‌وه‌ى  فۆڕمى زانیارى.

وتیشى: "هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت له‌داهاتوودا كارى تاكسى بكات، پێویسته‌ فۆرمێك وه‌ربگرێت و پاشان بیباته‌وه‌ بۆ ئاسایش و فه‌رمانگه‌ى په‌نجه‌مۆر، تا بزانرێت ئه‌و كه‌سه‌ پێشینه‌ى تاوانى هه‌یه‌ یاخود نا".

روونیشیكرده‌وه‌: پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و فۆرمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ دڵنیایى بدرێته‌ هاووڵاتیان، چونكه‌ ناكرێت خه‌ڵكانێك كارى تاكسى بكه‌ن كه‌ پێشینه‌ى خراپیان هه‌یه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌رامه‌تى خه‌ڵك درووستبكه‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ماوه‌ى 180 رۆژدا ده‌بێت كارى تاكسى له‌ هه‌رێمى كودستان رێكبخرێته‌وه‌ و تاكسى ناوشار و ده‌ره‌وه‌ى شار لەیەك جیابكرێنه‌وه‌ و لۆگۆى تایبه‌تیشیان بۆ ده‌ستنیشانكراوه‌ و چه‌ند رۆژێكیشه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure