قه‌یرانێكى ترسناك چاوه‌ڕێى عێراقه‌... ئاخۆ چى بێت ؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1053‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

گۆڤارى فۆڕن ئه‌فێرز وتارێكى له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا بڵاوكرده‌وه‌. كرۆكى وتاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌رامۆشكردنى خه‌ڵكى ناو ئۆردووگاكان له‌م ڕاگوێزانه‌ى كه‌ گومان ده‌كرێت په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت هه‌ڵوێستێكى زۆر خراپه‌ و ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆى زیندووبوونه‌وه‌ى داعش و دروستبوونه‌وه‌ى هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ى پێشوو له‌سه‌ر عێراق.

پاش هه‌ره‌سهێنانى خه‌لافه‌تى داعش نزیكه‌ى نیو ملیۆن ژن و پیاو و منداڵ ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان بوون و تووشى ڕاگواستن و ده‌ربه‌ده‌ریكران و ئێستا كاربه‌ده‌ستانى عێراق ناویان لی ناون خێزانه‌كانى داعش ئه‌گه‌رچى هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى سه‌لمێنراو نیه‌ بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌.

نووسه‌رى ڕاپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت ئازادنه‌كردنى ئه‌و ڕاگوێزاوانه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا و مامه‌ڵه‌نه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا به‌ گوێره‌ى یاسا و داپه‌روه‌رى ماناى وایه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌تا دێت هه‌ڕه‌شه‌ى زیاتر ده‌كه‌ن بۆسه‌ر ئاسایش و دادپه‌روه‌رى و حوكمڕانى له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا به‌ تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌دا كه‌ داعش پشتیوانى لێ ده‌كرێت یان خه‌ڵكه‌كه‌ى لێی ده‌ترسن.

وتاره‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق هه‌رگیز نه‌یپه‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر بایه‌خدان به‌م كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ چونكه‌ قه‌یران به‌دواى قه‌یراندا ماوه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ڕووى له‌ عێراق كردووه‌.

زۆربه‌ى نیشته‌جێكراوه‌كانى ئه‌و ئۆردووگایانه‌ خه‌ڵكى ناوچه‌ دێهات نشینه‌كانى خۆرئاوا و باكوورى خۆرئاواى عێراقن و گه‌وره‌ترین هۆكار بۆ ئاواره‌بوون و لێ قه‌ومانیان داگیركردنى موسڵ و پاشان ڕزگاركردنى بوو . كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كاربه‌ده‌ستانى عێراق نازانن له‌ ناو ئه‌و ڕاگوێزراوانه‌دا كێ ترسناك و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى وڵات .

مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ ساده‌یی به‌م جۆره‌یه‌ : كاربه‌ده‌ستانى به‌غدا نایانه‌وێت هیچ پاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م ڕاگوێزراوانه‌ خه‌رج بكرێت كه‌ گومانى لێیان هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسى بن . به‌غداد پێى باشتره‌ ئاوا به‌ هه‌ڵواسراوى بمێننه‌ و تا ده‌بن په‌ندوو عیبره‌ت بۆ كه‌سانى دیكه‌ . ڕاوێژكارێكى یه‌كێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانى عێراق به‌ نووسه‌رى ڕاپۆرته‌كه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان بیرۆكه‌كه‌یان له‌ بیرۆكه‌ى كه‌نداوى گوانتانامۆوه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌ ڕووى ڕه‌سمیه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق ئه‌مانه‌ى به‌ هیچ تاوانێك تۆمه‌تبار نه‌كردووه‌ و به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا نه‌یگوتووه‌ بێ تاوانن.

پێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌رنجى عێراق بۆ گرنگى كێشه‌ى ئه‌م ئاوارانه‌ ڕابكێشن هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ى دارایی پێویست دیاری بكه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆمارى كه‌سایه‌تى ئه‌و خێزانانه‌ى داعش . حكومه‌تى عێراقیش پێویستى به‌ پارێزه‌ر و لێكۆڵه‌ر و پسپۆڕى دیكه‌ هه‌یه‌ تا بتوانن یارمه‌تى عێراق بده‌ن له‌ داڕشتنى سیاسه‌تێكى گونجاودا بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ . كاربه‌ده‌ستانى عێراق كێشه‌ى ئه‌م ئاوارانه‌ به‌ كێشه‌یه‌كى ناوخۆیی و سیاسى داعش داده‌نێن ژماره‌یه‌كى كه‌مى كاربه‌ده‌ستان پێیان وایه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى ئه‌منیه‌ و هیچ په‌یوه‌ندى نیه‌ به‌ ناسنامه‌ى ئه‌و خێزانانه‌وه‌. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure