نوێترین زانیارى له‌باره‌ى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: 08/11/2019‌ :: 4606‌ جار بینراوە

تاگ :: بودجه‌

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: گفتوگۆكانى وه‌زاره‌تى دارایى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بۆ ئاماده‌كارى بودجه‌ى 2020 ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئاڵۆزییه‌كانى به‌غدا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ بودجه‌ى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى "سست" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.


به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم بۆ بودجه‌ى 2020 ته‌واوبوون و به‌وردى خه‌رجی و داهاتى وه‌زاره‌ته‌كان خراونه‌ته‌ڕوو.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى كه‌ نه‌یویست ئاماژه‌ به‌ ناوى بكرێت، وتیشى: "تاوه‌كو پێش ئاڵۆزییه‌كانى به‌غدا كاره‌كان بۆ ئاماده‌كارى بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم زۆر به‌ باشى به‌ڕێوه‌ده‌چوون، به‌ڵام به‌هۆى ئاڵۆزییه‌كانه‌وه‌ كاره‌كان زۆر به‌ سستى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه‌ نازانرێت بودجه‌ى هه‌رێم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دابڕێژرێت؟ ئایا هه‌رێم ته‌نیا داهاتى خۆى ده‌بێت یاخود بودجه‌ى له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ پێده‌گات؟ ئایا ته‌نیا مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دێت یاخود بودجه‌ و مووچه‌ و پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى سیادى و حاكمییش بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت؟ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاڵۆزییه‌ كۆتایى نه‌یه‌ت ره‌وشى هه‌رێم خراپ ده‌بێت و زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت بودجه‌ ئاماده‌بكرێت".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020 ته‌ركیز له‌سه‌ر چ سێكته‌رێك كراوه‌ته‌وه‌؟ ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى، وتى: "بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى كارنامه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داده‌ڕێژرێت و زۆرتر ته‌ركیز له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانى هه‌رێم كراوه‌ته‌وه‌".

له‌ دوای ساڵى 2013وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بیانووى شه‌ڕى داعش و ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانى دارایى پرۆژه‌ى یاساى بودجه‌ى گشتى هه‌رێم_ى نه‌بووه‌، به‌ڵكو ساڵانه‌ به‌یاننامه‌ى دارایى بۆ په‌رله‌مان ناردووه‌.

ساڵى رابوردوو حكومه‌تى هه‌رێم لیژنه‌یه‌كى 12 كه‌سى له‌ نوێنه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم پێكهێنا و بودجه‌ى گشتى هه‌رێم-یان بۆ ساڵى 2019 ئاماده‌كرد، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ره‌شنووسى پڕۆژه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مان نه‌نارد به‌وهۆیه‌وه‌ ره‌شنووسه‌كه‌ نه‌بووه‌ یاسا و جێبه‌جێ نه‌كرا.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure