کێشەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاڵۆزتر دەبن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 239‌ جار بینراوە
زیا بترۆس

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابوردوودا سەرۆکی لیژنەی دەسپاکیی پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوە کرد کە سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ تۆمەتبارە بە گەندەڵی و لە ماوەی ١٠ مانگدا پێنج ملیۆن دیناری داوە بە کارت و 68 ملیۆن دیناریشی وەک ئیفاد بۆ خۆی خەرجکردووە، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ روونکردنەوە دەدات و هاوکات باس لە کێشەی نێوان خۆی و بەڕێوەبەری گشتی دەستەکە دەکات و پەرلەمانتارانیش تۆمەتبار دەکات.


پێشتر، شیرین ئەمین سەرۆکی لیژنەی دەستپاکیی لە پەرلەمانی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوە کردبوو کە "سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، تێوەگلاوە لە گەندەڵی و هەوڵدانی بۆ چوونەدەرەوەی وڵات و خه‌رجکردنی پارەی ئیفاد بۆ دەرەوە بۆ خۆی لەسەر ئەرکی دەستەکە".

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هەرچەندە سەرۆکی دەستە بە فەرمی وەڵامیدایەوە، بەڵام شیرین ئەمین رایگەیاندبوو کە "وەڵامی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ وەڵامێکی زۆر لاواز و کروزانەوە ئامێزە. لەبری خستنەڕووی بەڵگە و سەلماندنی ئەستۆپاکیی خۆی، بەندەی بە هەڵخەڵەتینراو تۆمەتبار کردووە".

بابەتەکە لەوەوە سەریهەڵدا کە لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ‌‌و داكۆكیكردن له‌ مافی‌ ئافره‌ت ‌و مافی‌ مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، راپۆرتێكی‌ له‌سه‌ر "كێشه‌كانی‌ ناو ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ كوردستان ‌و خه‌رجی ‌‌و گه‌نده‌ڵیی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ ئاشكراکرد".

بەپێی راپۆرتی لیژنه‌که: "زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، تەنیا لە ماوەی ١٠ مانگدا بڕی پێنج ملیۆن‌ و ٥٤٠ هەزار دیناری بۆ كارتی مۆبایل‌ و هه‌شت ملیۆن‌ و ١٢ هەزار دیناریشی بۆ جلوبەرگ خەرجكردووە، ٦٨ ملیۆن دیناریشی وەک ئیفاد بۆ خۆی خەرجکردووە و هەروەها ٣٠ ملیۆن دیناریشی وەک خەرجیی میوانداریی خەرجکردووە و دەیان ملیۆن دیناری دیکەیشی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەفیڕۆداوە".

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بابەتەکە دژایەتیی منە و ئامانجە بۆ گۆڕینی من و لادانم لە سەرۆکی دەستە و ئەو پەرلەمانتارەی ئەوەی کردووە دژی منە و بەبێ ئاگاداریی ئێمە و پەرلەمان بووە، هاوکات نهێنیی لیژنەکەی پێش ئەنجامەکان ئاشکراکردووە بۆ میدیا، بۆیە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەم".

زیا بترۆس (رۆژی سێشەممە ٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٩) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "سەرجەم ئەو پارانەی باسکراون بەڵێ خەرجم کردوون، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا و بڕیارەکان و بۆ خۆم و پاسەوانەکانم و کورسی و مێز و چایخانە و هەروەها کڕینی پێداویستی بۆ دەستەکەمان بووە، بۆیە ناکرێت ئەوانە بە گەندەڵیی هەژماربکرێن".

وتیشی: "من ژمارەیەک کەسی نزیکی خۆم بە پاسەوان و چایچی و خامەی نهێنی و ئیداریی دامەزراندووە کە متمانەم پێیانە، ئەوەیش مافی خۆمە. هەروەها من دەسەڵاتەکانی سەرۆکی دیوانی دەستەی مافی مرۆڤ-م سڕکردووە، چونکە لێکۆڵینەوەمان کردووە و ئەوەیش دەسەڵاتی منە".

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، وتی: "سەرۆکی دیوان بڕوانامەی لە زانستی کیمیادا هەیە، ئەوەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای بەرکار بۆ دەستەکە نابێت و دەبێت بڕوانامەی سەرۆکی دیوان یان کارگێڕی یان ژمێریاریی یان یاسا بێت، بۆیە دەسەڵاتەکانی سڕکراوە. راستە خۆیشم بڕوانامەی فیزیا-م هەیە، بەڵام لە یاساکەدا دیارینەکراوە، بەڵکو تەنیا دەڵێت بڕوانامەی زانکۆی هەبێت ئاساییە ببێتە سەرۆکی دەستەکە".

سەرۆکی دەستەكە دەڵێت: "چونکە لەلایەن پەرلەمانتاران و سەرۆکی دیوان و میدیاکان تەشهیرم پێکراوە، سکاڵا لەسەر هەر سێکیان تۆماردەكەم و دەیاندەمە دادگا، چونکە بەڵگەی خۆم هەیە".

کەیسەکە دراوەتە دەستەی دەسپاکیی هەرێم. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێم-یش دەڵێت: "له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی له‌ ده‌سته‌ی مافی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه‌ نه‌دراوه‌".

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێم، بۆ دواڕۆژ وتی: "له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ده‌ستیكردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌هه‌ده‌ردانانه‌ی كه‌ كراوه‌، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی نه‌دراوه‌. دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ورده‌كاریی كه‌یسه‌كه‌ و شێوازی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌نرێت".

بابەتەكە دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی نێوان سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و سەرۆکی دیوانی دەستەکە، كرۆكی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی زیا پترۆس بڕیاریدا بە لێسەندنەوەی تەواوی دەسەڵاتە کارگێڕی و یاساییەکان لە عەبدوڵـڵا دلێر-ی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی دەستەی مافی مرۆڤ. 

سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی دەڵێت: "سەرۆکی دیوان ویستویەتی زیاد لە دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت و ئەوەیش رێگەپێدراو نییە، بۆیە من دەسەڵاتەکانی دیاریدەکەم و دەتوانم دەسەڵاتەکانیشی کەمبکەمەوە نەک هەر دیاریی بکەم".

زیا بترۆس بۆ دواڕۆژ وتی: "من وەک سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، سەرجەم دەسەڵاتەکانی کاک عەبدوڵـڵا عەبدولموکەڕەم سەرۆکی دیوانی دەستەکەم سڕکردووە و ئەوەیش بەپێی یاسا رێگەپێدراوە".

دادگای كارگێڕیی هەولێر لە 9/25ى ئەمساڵ، بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بەڕێوەبەری گشتی دیوان بۆ سەر كارەكەی بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە، لەگەڵ قەره‌بووكردنەوەی بە بڕی 7 ملیۆن دینار كە پێویستە زیا بترۆس بیدات. 

لەبارەی کێشەکانی خۆی و سەرۆکی دەستەكەی، عەبدوڵـڵا عەبدولموکەڕەم بۆ دواڕۆژ دەڵیت: "من رووبەڕووی گەندەڵی بوومەتەوە بۆیە کێشەم لەگەڵ سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەیە. هەروەها لەسەر ئەو بابەتەیش دەسەڵاتەکانی لێوەرگرتوومەتەوە تا نەتوانم رێگریی بکەم".

وتیشی: رۆژی سێشەممە کە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە هەبوو، سەرۆکی دەستە رێگەی نەدام، تەنانەت لە کۆنگرەکەیش لە ژوورەوە ئامادەبووم كەچی رێگریی لێکردم، لەکاتێکدا دادگا بڕیاری گەڕانەوەی منی داوە.

تائێستا کێشەکە یەکلانەبووەتەوە، لیژنەی دەسپاکیی پەرلەمان سوورە لەسەر دۆسیەکە و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ-یش هەڕەشەی سکاڵاکردن لە پەرلەمانتاران و سەرۆکی دیوانی دەستەکەی دەکات. لەهەمانکاتدا سەرۆکی دیوانی دەستەی مافی مرۆڤ-یش لایخۆیەوە داوای یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە و مافەکانی خۆی و دەستەڵاتەکانی دەکات لە دادگا.
 
پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure