مه‌سرور بارزانی: هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌ راده‌ستكردنی نه‌وتدا نیه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 410‌ جار بینراوە
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد

سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌گه‌ر به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم بنێرێت هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌ راده‌ستكردنی نه‌وت نیه‌ و ده‌رباره‌ى دۆخى ئێستاى عێراقیش ده‌ڵێت: ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی كابینه‌كانی پێشووه‌ و دادپه‌وه‌ری نیه‌ هه‌موو كێشه‌كان رووبه‌ڕووی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكرێنه‌وه‌. 

 
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ى تشرینى دووه‌مى 2019) له‌میانی دیبه‌یتێك له‌ دیداری مێری رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا فره‌ ره‌هه‌نده‌، له‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر سه‌ردانی به‌غدامان كرد نه‌ك ته‌نها بۆ نیه‌تباشی، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك پیشنیارمان بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی نێوانمان ئاڕاسته‌ی به‌غدا كرد.

مه‌سرور بارزانى وتیشی: "دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بونه‌ته‌ كێشه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌وانیش پرسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و مه‌له‌فی ئه‌منی له‌گه‌ڵ پرسی بودجه‌ و نه‌وت و غاز، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌ی تایبه‌تمان دروستكردووه‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ده‌ستكه‌وتی باش هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌له‌فی ئه‌منی و دژایه‌تیكردنی تیرۆر، چونكه‌ سه‌قامگیری هه‌رێم و به‌غدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌، به‌هۆی كێشه‌كانی پێشتر له‌ سنوری سوریا تا دیاله‌ بۆشایی ئه‌منی دروستبوو، ئێستا گروپی جیاجیای سه‌ر به‌ داعش سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان له‌و سنورانه‌ هه‌ستپێده‌كرێت و له‌ هه‌ندێ شوێن بونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكرێته‌وه‌ پێشنیارمانكرد بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی له‌ 2014 هه‌بوو له‌ دروستكردنی سه‌نته‌ری هاوبه‌ش له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، چه‌ند شوێنێكمان ده‌ستنیشانكرد ته‌واجدی هێزه‌كانمان هه‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق.

سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان به‌ تایبه‌ت كه‌ركوك ماده‌ی 140 چاره‌سه‌ری ده‌ستوری ئه‌و بابه‌ته‌یه‌، هه‌ندێ گۆڕانكاری هاتنه‌ پێشه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌یان ئاڵۆزتر كرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی پێویستی به‌ پێدانی كاته‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌نگاو نه‌نێین.

راشیگه‌یاند: پێشتر 17% وه‌ك به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، به‌ڵام به‌ بڕیارێك دایانبه‌زاند بۆ 12.6% ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌كان لێكبدرێته‌وه‌ له‌و نه‌وته‌ی بۆ پێویستی ناوخۆ به‌كاردێت و ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ نه‌فه‌قاتی سیادی به‌كاردێت له‌ ده‌وری 5% بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت.

بارزانى ئه‌وه‌شى وت: له‌ بابه‌تی نه‌وت و غاز له‌ دوای 2014 حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌ ناردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ كرد، ئه‌ویش به‌ هۆكاری تێكچوونی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌شێوه‌ی سیسته‌ماتیكی دورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ ناوه‌ندی بڕیار و شه‌راكه‌ت له‌ به‌غدا، سه‌رهه‌ڵدانی داعش و هاتنی زیاتر له‌ 2.5 ملیۆن ئاواره‌ له‌ عێراق و سوریا كه‌ 30% ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی زیادكرد، دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌موو ئه‌وانه‌ وایكرد حكومه‌ت بكه‌وێته‌ باری قورسی دارایی، ده‌بوایه‌ به‌دوای سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بگه‌ڕێت ئه‌وه‌بوو ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرا.

راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم راده‌ستی به‌غدا ناكرێت راست نیه‌، ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی هه‌رێم هه‌نارده‌ی ده‌كات نیوه‌ی ده‌بێته‌ خه‌رجیی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌ ده‌بێت عێراق له‌ بودجه‌ی سیادی دابینیبكات، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ 300 بۆ 320 ملیۆن دۆلاره‌ ده‌چێته‌ بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دابینبكات ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ راده‌ستكردنی نه‌وتدا نیه‌.

وتیشی: پاره‌ی پتڕۆدۆلار بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كراوه‌، قه‌رزێكی زۆری حكومه‌تی هه‌رێم لای به‌غدایه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 44 ملیار دۆلاره‌ له‌ 2014-ه‌وه‌ نه‌یناردوه‌. نیوه‌مووچه‌ی خه‌ڵك حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ بودجه‌ی هه‌رێمیان نه‌ناردوه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵ بیداته‌وه‌.

مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی دروستكرد و خۆی و تیمه‌كه‌ی له‌ حكومه‌تی عێراق تێگه‌یشتنی باشیان هه‌یه‌ و پێمانوابوو گه‌یشتینه‌ میكانیزمێك، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ به‌غدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ نیگه‌رانی كردوین چونكه‌ قوربانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ داواكارییه‌كانی خه‌ڵك ره‌وان، به‌ڵام دادپه‌وه‌ری نیه‌ هه‌موو كێشه‌كان رووبه‌ڕووی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ ئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی كابینه‌كانی پێشووه‌ و پێویسته‌ بیر له‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ بكه‌نه‌وه‌ و ئارامی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش به‌رده‌وام بین له‌ داكۆكی له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure