نوێترین زانیاری لەسەر دۆسیەکەی ئامانج بابانی و لانە محەمەد بڵاوکرایەوە
هەواڵ / کوردستانی :: پێش 4 هەفتە :: 43919 جار بینراوە
دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
لیژنەی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە دۆسیەی گیانلەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەکەیان رایدەگەیەنێت، لەبەدواداچوونی کەیسەکە بەردەوامن و چاوەڕێی ئەنجامی دادگان.
لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی ئافرەت و مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لەچوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی لیژنەکەیان بەپێی ماددەی (٤٤) بڕگەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، شاندی لیژنەکەیان رۆژی ۲۱-۲۲ی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ لە پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی سەرەتایی بۆ بەشێک لەدۆسیەکە کرد و بەشێک لەزانیارییە پێویستییەکان وەرگیراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لەئێستادا لیژنەکەیان بەردەوامە لەبەدواداچوون چاودێری وردی قۆناغەکانی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکانی دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامەکانی کۆتایی دادگا دەکەن، هیوادارن سەرجەم قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لەکەیسەکە رێکاری یاسایی خۆی وەربگرێت.
شەوی ۱٦ی مانگی رابردوو ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری کە دوو راگەیاندکاری ناسراو بوون لەگەڵ منداڵەکەیان لەڕووداوێکدا لەشاری سلێمانی کوژران، پۆلیس رایگەیاند، رووداوەکە خۆکوژییە، بنەماڵەی لانەش رایانگەیاند، کچەکەیان کێشەی خێزانی هەبووە و هاوسەرەکەی، لانە و منداڵەکەی کوشتووە.
ک. س