ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لیژنه‌یه‌كى بۆ پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان پێكهێنا

هەواڵ / کوردستان :: 06/11/2019‌ :: 438‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوون بكات بۆ ته‌واوكردنى سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ى پاره‌یه‌كى زۆریان پێویست نییه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "بۆ ته‌واوكردنى 744 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون، داواى چوار ملیار و 750 ملیۆن دیناریان كردووه‌".


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم لیژنه‌یه‌كى له‌ نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و وه‌زاره‌تى پلاندانان و فه‌رمانگه‌ ئه‌ندازیییه‌كان پێكهێناوه‌ بۆ ته‌واوكردنى سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ پاره‌ى زۆریان پێویست نییه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى بڕیاربوو تاوه‌كو كۆتایى ئه‌م مانگه‌، 744 یه‌كه‌ى نیشته‌جێیبوون بۆ هاووڵاتیانى كه‌مده‌رامه‌ت ته‌واوبكرێت، به‌ڵام تائێستا ته‌نیا 132 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون 100% ته‌واوكراوه‌ و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا له‌ راپه‌ڕین و قه‌ڵادزێ دابه‌شبكرێت.

ئاگرین عه‌بدوڵا، بریكارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كار بۆ دروستكردنى نۆ هه‌زار و 148 پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون بۆ هاووڵاتیان ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ ته‌واوبكرێت، له‌ئێستادا داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ بڕى چوار ملیار و 750 ملیۆن دۆلارمان بۆ دابینبكات تاوه‌كو بتوانین ئه‌و 744 پڕۆژه‌یه‌ ته‌واوبكرێت و به‌سه‌ر هاووڵاتیانى كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌شبكرێت.

وتیشى: "دڵنیاین حكومه‌ت ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌دات، چونكه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ى ئه‌نجومه‌نى وەزیران پێكیهێناوه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پاره‌ى زۆریان پێویست نییه‌".

له‌باره‌ى ته‌واوكردنى سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێم، ئاگرین عه‌بدوڵا وتى: "بۆ ته‌واوكردنى سه‌رجه‌م ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبووانه‌ى كه‌ بیناکەیان ته‌واوكراوه‌، داواى 250 ملیار دیناریان كردووه‌".

بریكارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌هۆى قه‌یرانى دارایییه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ گرێبه‌ستى نوێ بۆ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون واژۆبكرێت، به‌ڵكو ته‌نیا 881 نیشته‌جێبوون له‌ (سلێمانى، كه‌لار، چوارقوڕنه‌ و رزگارى) به‌سه‌ر هاووڵاتیانى كه‌مده‌رامه‌ت دابه‌شكراوه‌.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure