وەرزی سەرما بازاڕی ئیزوگام و لبادی گەرمکردووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 86‌ جار بینراوە

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

مانگێک پێش وەرزی زستان بازاڕی ئیزوگام (قیر) و لباد یاخود جوڵەی تێدەکەوێت، بەجۆرێک شارەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بوونە لە وەستا و کرێکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەهداد هیممەتی، خەڵکی مهابادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بازرگانێکی گەورەی لبادە و لەنێوان ڕۆژهەڵات و شارەکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ باس لە بازرگانی لباد دەکات و دەڵێت: "ساڵانە بەبڕی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار لباد هەناردەی بازاڕی شارەکانی کوردستان و عێڕاق دەکەین".

بەهداد هیممەتی، دەشڵێت: "زۆرترین ڕێژەی لباد بۆ باشووری کوردستان و تایبەت ناوچە شاخاوییەکان دەڕوات، کە لەو ڕێگەیەوە ژمارەیەکی زۆری کرێکاری ئەو کارەمان ناردووەتە باشووری کوردستان تا کاربکەن.

سەبارەت بە جۆری لبادەکان، ئەو بازرگانە دەڵێت: "سایبان و بان گام دلیجان، شەهریبام،تەڕحدار. ئەوانە هەمووی لەبازاڕ هەن و دەفرۆشرێن بەڵام زۆرترین خواست لەسەر سایبان و بانگامە".

موسلیم سەعید، خاوەن نووسینگەیەكی فرۆشتنی لبادە لە هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما بازاڕی ئێمە زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بەجۆرێک لە مانگەکانی پێشوو ئەگەر ڕۆژانە بای  ملیۆنێکمان فرۆشتبێت، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن دەفرۆشین".

موسلیم سەعید، کە تیمێکی 20 کەسی هەیە کە ڕۆژانە خانوو و باڵەخانەکان بە لباد ڕووپۆش دەکەن، دەشڵێت: "لباد جۆرە كەرستەیەكی ئێرانی و توركی و بەشێك لە وڵاتانی جیهانە و بە شێوەیەكی فراوان لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووتەوە و بۆ رێگەگرتن لە دڵوپەكردن و باو و باران و شێ و سەرما و گەرما و تەنانەت بۆ جوانیش بەكار دەهێنرێت، هەرچەندە لباد بۆ پاراستنی خانووە سەقف كۆنكریتەكان دروست كراوە، بەڵام جگە لە گوندنشینان خەڵکی ناوشاریس بەكاری دێنن بۆ پاراستنی خانووەکانیان".

لەبارەی نرخ و کوالێتی لبادەکان موسلیم سەعید، ئاماژەی بەوەدا: چەند جۆرێک لباد هەیە بەڵام ئەوەی هەرە باشەکەی پاراستنی خانوو بە گەرەنتی زیاتر لە پازدە ساڵ دەیفرۆشین نرخی هەرمەترێکی لبادیش لەنێوان پێنج بۆ 10 دۆلار دەفرۆشین.

زریان ئەحمەد، یەكێك لە گوندنشینەكانی سنووری شارەدیێ شێلادزێ سەر بە شارۆچكەی ئامێدی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێ دەكەین كە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار خانوومان بۆ دروست بكەن، ئەوان بەهۆی خراپی باری داراییەوە ناتوانین خۆمان ئەو كارە بكەین، بۆیە ئێستا لە جیاتی دروستكردنی خانوو ناچارین لباد بۆ پاراستنی خانووەكانمان لە رووخان بەكاربهێنین".

زریان ئەحمەد، دەشڵێت: "وێڕای ئەوەی بە بەكارهێنانی لبادیش ناتوانین لە مەترسییەكانی رووخانی خانووەكانمان رزگار بین، بەڵام هەرچۆنێك بێت بەكارهێنانی لباد تا رادەیەك باشترە و دەتوانێت تا چەند ساڵێكی تر گەرەنتی پاراستنمان بدات".

محیەدین عەزیز، هاوڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی هەولێرە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بەكارهێنانی لباد گەلێك سوودی هەیە و دەتوانین بۆ پاراستنی خانووەكانمان لە باو و باران بپارێزین، ئەوە جگە لەوەی خانووەکەشت بۆ بەرگری لە سەرمای زستان بەهێزتر دەکات".

محەیەدین، دەشڵێت: "هەشت ساڵە خانووەکەم بە لباد ڕوپۆش کردووە تا ئێستا هیچ کیشەیەکی ئاودان یاخود تێکچوونی خانووەکەم نەبووە".

 

ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure