پڕۆژەی (ئێمە دیارین) هونەرمەندانی سلێمانی و سویسرا كۆدەكاتەوە

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 126‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

ژمارەیەك هونەرمەندی شاری سلێمانی و وڵاتی سویسرا لە پڕۆژەیەكی هونەری جیاوازدا لەقوڕ، خشت دروست دەكەن و پاشان دەیكەنە كارێكی هونەریی.


ئێوارەی دوێنێ 5ی تشرینی دووەمی 2019 ئەم پڕۆژەیە لەپاركی ئازادی بەفەرمی راگەیەندرا و بڕیارە لە ڕۆژی 6ی تشرینی دووەمەوە تا رۆژی 21ی تشرینی دووەم كاركردن تێیدا بەردەوام بێت.

ئەم پڕۆژەیە بەنێو (ئێمە دیارین) لەلایەن كۆمەڵەی مێسلا (مس گەلەری) رێكخراوە، ئەم كۆمەڵەیە هونەرمەندانی سویسرا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكدەگەیەنێت و پەرەیان پێدەدات، ئەو پڕۆژە كلتورییانە لەخۆدەگرێت كە هاوڵاتییە ناوخۆییەكان كاری لەسەر دەكەن، (ئێمە دیارین) ئامانجی ئەنجامدانی كارێكی هونەریی نەتەوەیی پێكەوەییە لەلایەن هونەرمەندانی كوردستان و سویسرا.

ئامانجێكی دیكەی ئەم پڕۆژەیە پەرچەكردارێكە لەلایەن بەشداربووەكان بۆ ئەو مەرگەساتەی لەئێستادا بەرامبەر گەلی كورد لەڕۆژئاوا و ناوچەكە بەگشتی ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئاماژەیەكە بۆ ئەو مێژووەی كە بەدرێژایی مێژوو كورد جینۆساید كراوە كە هۆكاری سەرەكی بووە بۆ رووخان و وێرانكردنی ئەو دیوە ئیستیكییە كەلتورییەی ناوچەكەی بەگشتی و تەلارسازی بەتایبەتی كە بەشێكی زیندووی شوناسی كەلتوری كوردی پێ دەخوێنرێتەوە.

لەم پڕۆژەیەدا قوڕ پێكهاتەی سەرەكییە كە لێیەوە خشت دروست دەكرێت، چونكە لەنێو میللەتی كوردا مێژوویەكی دێرینی لەبواری تەلارسازی و پێداویستی دیكەی رۆژانە هەیە.

هونەرمەند زانا رەسوڵ، بەڕێوەبەری مس گەلەری بەدواڕۆژی راگەیاند: ئامانجی پڕۆژەكە دروستكردنی گفتوگۆی هونەرمەندانە بەجۆرێك ئەوان پڕۆژەكە دەست پێدەكەن و  پاشان داوا لەهونەرمەندان و خەڵك و ئاوارەكان دەكەن لەگەڵیاندا تەواوی بكەن.

زانا ئاماژەی بەوەكرد: دوای دروستكردنی خشتەكانیش بۆیان دەردەكەوێت چ فۆرمێكی هونەری لێ دروست بكەن، پەیامیشیان ئەوەیە لەو رێگەیەوە نیشانی بدەن ئاشتی و پێكەوەژیانە كە لەهەر شوێنێك كوردی لێ بێت ئاشتییان دەوێت و و رێزی پەناهەندەكانیش دەگرن.

بەوتەی ئەو هونەرمەندە: ئێستا بیرۆكەیەك هەیە 163 خشت دروست بكەن، چونكە ئەو ژمارەیە وردەكارییەكی مێژوویی تایبەت بە كوردی هەیە، بەڵام جارێ ئەوەش یەكلایی نەكراوەتەوە.

ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم شارە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك پایتەختی رۆشنبیری دیاریكراوە، هەفتەی رابردووش لەلایەن رێكخراوی یونیسكۆوە بەفەرمی وەك شاری داهێنەری ئەدەب دیاریكرا.

هونەرمەندی ناسراو نەهرۆ شەوقی بەشداری لەپڕۆژەكەدا دەكات بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: هەڵبژاردنی قوڕمان وەك كەرەستەیەكی كوردەوارییە، بەڵام ئەم كەرەستەیە بەهۆی جەنگ و ماڵوێرانییەوە لەمەترسیدایە و ئەمجارە ئەوان مامەڵەی هونەری لەگەڵدا دەكەن، دیدگای ئەوان پێكەوەژیانە و دەیانەوێت خەڵكی ئاسایی و ئاوارە بەشدار بن.

ڤگنەر نیهۆس، هونەرمەندی دانیشتووی وڵاتی سویسرا كە بەشداری سەرەكی لەپڕۆژەكە دەكات بەدواڕۆژی راگەیاند: شەرەفێكی گەورەیە لەكوردستان و لەشاری سلێمانی بەشداری ئەم پڕۆژەیە دەكات، سەرەتا دەبوایە ئەم پڕۆژەیە لەڕۆژئاوای كوردستان جێبەجێ بكرایە، بەڵام بەهۆی ئەو نەهامەتی و شەڕەی لەوێ دروستبوو نەیانتوانیوە بەئەنجامی بگەیەنن، هەمانكاتیش نەیانویستووە بگەڕێینەوە و پێیان باشبوو لە سلێمانی جێبەجێ بكەن.

ناوبراو روونیكردەوە: توانایەكی زۆر لەبواری كلتور لەهونەرمەندانی كوردستان دەبینێتەوە و گەنجانیش توانای باشیان هەیە و پشتگیری باشیان كردوون و دەتوانن پێكەوە كارێكی باش بكەن.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure