ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید:عێراقی دوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرین هاوشێوه‌ی عێراقی پێش خۆپیشاندانه‌كان نابێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 794‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ دواڕۆژ، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید په‌رله‌مانتاری عێراق رووپێوێكی خێرای بارودۆخی عێراق و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دەخاتەڕوو.


دواڕۆژ: ئایا ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق چ كاریگه‌رییه‌كیان ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێم؟

ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: كاریگه‌ریی زۆریان ده‌بێت كه‌ دوو جۆره‌: راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ. كاریگه‌رییه‌ راسته‌وخۆكان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جارێكیتر ئه‌و نه‌رمی و تێگه‌یشتنه‌ دڵفراوانه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر كورد به‌م ئاسته‌ی ئێستا نامێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌ ئابوری و داراییه‌كاندا. ئێستا له‌ گۆڕه‌پاتی ته‌حریر خۆپیشانده‌ران به‌ئاشكرا ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی به‌غدا ده‌گرن له‌وه‌ی هه‌رێم نه‌وتی خۆی ده‌فرۆشێت و به‌غدا-یش له‌سه‌ر حسابی قوت-ی خه‌ڵك مووچه‌ و بودجه‌ی بۆ دابینده‌كات. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان، كورد ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ ئازاردان و ته‌قه‌كردن له‌ خۆپیشانده‌ران. دواین وتاری دكتۆر به‌رهه‌م-یش ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئه‌ستوور كرد به‌رامبه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌تایبه‌ت و كورد به‌ گشتی، چونكه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌و وتاره‌یدا هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌خسته‌ڕوو.


دواڕۆژ: ئه‌ی كاریگه‌رییه‌ ناڕاسته‌وخۆكان چین؟
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: به‌ بڕوای من ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌پۆلی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ ئه‌نجامێك به‌ده‌ستبهێنێت به‌ هه‌ر بارێكدا بێت، شه‌قامی كوردییش ده‌جووڵێنێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كە راپه‌ڕین و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی دژی بارودۆخی ئابوری و ئیداری و سیاسی ده‌توانێت گۆڕانكاریی دروستبكات، واته‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان په‌لده‌هاوێژن بۆ كوردستان.

دواڕۆژ: گومانی زۆر هه‌یه‌ ئه‌م رووداوانه‌ ده‌ستی بێگانه‌ و وڵاتانی ده‌ره‌كییان تێدا بێت، هانده‌ریش بن بۆ به‌رده‌وامبوون و هه‌ڵكشانی رووداوه‌كان، چونكه‌ وه‌ك ده‌وترێت و هه‌ست پێده‌كرێت  یارمه‌تیی لۆجستیكی و دابینكردنی خۆراك و پاڵپشتی زۆر گه‌وره‌ی رۆژانه‌ له‌كاردان، بۆچوونی ئێوە چیه‌؟
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ده‌ستی بێگانه‌ هانده‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م شه‌پۆله‌ بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پڕوپاگه‌ندانەیش‌ ناڕاستن كه‌ گوایه‌ به‌عسییه‌كان رۆڵیان هه‌بێت له‌ جووڵاندنی جه‌ماوه‌ردا، چونكه‌ چه‌قی رووداوه‌كان له‌ناو شیعه‌كاندایه‌. ململانێكه‌ی ئێستا له‌ نێوان جه‌ماوه‌ری شیعه‌ و حیزبه‌ شیعه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندایه‌. گوزه‌رانی خه‌ڵك زۆر خراپه‌، نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و پشكپشكێنه‌ وڵاته‌كه‌یان وێرانكردووه‌، له‌ژێر ئه‌مانه‌شدا هه‌ستده‌كرێت كه‌ ململانێ هه‌یه‌ له‌نێوان مه‌رجه‌عیه‌تی قوم و مه‌جه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف-دا، واتا‌ دابه‌شبوون هه‌یه‌ له‌نێوان ریزه‌كانی شیعه‌دا كه‌ هه‌ندێكیان سه‌ر به‌ ئێران و هه‌ندێكی تریان به‌ئاشكرا دژایه‌تی ئێران ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت دژی بیروباوه‌ڕی ویلایه‌تی (فه‌قهین).


دواڕۆژ: هه‌ڵوێستی مه‌ڕجه‌عیه‌تی شیعه‌ی عێراق چیه‌ به‌رامبه‌ر رووداوه‌كانی ئێستا؟
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: دیاره‌ سیستانی راسته‌وخۆ نایه‌ته‌ ناو بابه‌ته‌ سیاسییه‌كانی رۆژه‌وه‌، به‌ڵام به‌ئاشكرا مه‌ڕجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف پێشوازیی له‌ خۆپیشاندان ده‌كات، به‌ئاشكرا داوا له‌ مه‌رجه‌عیه‌تی قوم ده‌كات ده‌ستوه‌رنه‌داته‌ كاروباری عێراق. له‌لایه‌كی تره‌وه‌ عه‌ته‌به‌ی حوسه‌ینیه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی گرنگی مه‌رجه‌عیه‌ته‌، رۆژانه‌ 4 هه‌زار و 500 ژه‌مه‌ خۆراك بۆ خۆپیشانده‌ران دابینده‌كات، له‌ شاره‌كه‌ی سه‌دریش 50 چێشتخانه‌ ته‌رخانكراون بۆ خۆپیشانده‌ران، ئه‌مانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ی عێراق پشتیوانی خۆپیشانده‌رانه‌. له‌م رووداوانه‌ی دواییدا ناكۆكی له‌نێوان هه‌ردوو مه‌رجه‌عیه‌تیه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ زۆر زه‌قبووه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: ره‌وتی رووداوه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌ هه‌چ جۆرێك بشكێنه‌وه‌، عێراقی دوای خۆپیشاندانه‌كانی تشرین هاوشێوه‌ی عێراقی پێش خۆپیشاندانه‌كان نابێت. ئه‌نجامه‌كان په‌یوه‌ستن به‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵك، كه‌ پێویسته‌ بیسه‌لمێنن زۆر به‌جدی مه‌به‌ستیانه‌ چاكسازیی بكه‌ن و كۆتاییبهێنن به‌ گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و حوكمی میلیشیا.

پ: ل. م

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure