سه‌ركردایه‌تى كورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخى ئێستاى عێراق ده‌كات؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

دواى چه‌ند مانگێك له‌ هه‌وڵه‌كانى نێوانیان بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان به‌تایبه‌ت نه‌وت و بودجه‌، سه‌ره‌نجام خه‌ریكه‌ گۆڕانكاریى سیاسى عێراق  رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا راده‌گرێت. چاودێرانى سیاسییش پێیانوایه‌ ده‌بێت كورد رۆڵێكى گرنگتر و باشتر له‌ئێستا، بگێڕێت.


به‌هۆى به‌رده‌وامیى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق و نه‌بوونى به‌رچاوڕوونیى له‌ گۆڕانكارییه‌كان، هه‌رێمى كوردستان نازانێت رووبه‌ڕووى كام  لایه‌ن و كه‌سایه‌تى  ده‌بێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ڕێژیى بۆ بكات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ مەحمود عوسمان چاودێرى سیاسى، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "گۆڕانكاریى له‌ عێراقدا رووده‌دات و پێویسته‌ كورد خۆى بۆ دواى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئاماده‌بكات و چه‌ند كارتێكى جیاواز به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت، نه‌ك ته‌نیا خاوه‌ن رایه‌ك بێت و ته‌واو".

وتیشى: "ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ عێراقدا رووده‌دات ناڕوونه‌، به‌ڵام به‌هۆى پێداگریى خۆپیشانده‌ران و كه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌، ئه‌سته‌مه‌ شه‌پۆلى خۆپیشاندانه‌كان كپ بكرێت به‌ڵكو نه‌یاره‌كانى عه‌بدولمه‌هدى و ئه‌وانه‌شى پاڵپشتیى خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن، گۆڕانكارییان ده‌وێت و پێشبینى ده‌كرێت حكومه‌تیش هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌".

مەحمود عوسمان پێیوایه‌: "كورد نابێت ته‌نیا له‌ په‌یامێكدا پاڵپشتى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئاڕاسته‌ی دیكه‌ به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌گه‌رى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، خۆى ئاماده‌ بكات بۆئه‌وه‌ى له‌ دواى لادانى سه‌رۆك وه‌زیران بێ ده‌ستكه‌وت نه‌مێنێته‌وه‌".

به‌لاى سیروان عه‌بدوڵـڵا-ى چاودێرى سیاسیه‌وه‌: "خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌مجاره‌ى عێراق جیاوازه‌ و به‌ئه‌نجامدانى چاكسازیى رازیى نین، به‌ڵكو داواى گۆڕانكارى و لادانى سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان بڕیارى یه‌كلاكه‌رەوه‌ بۆ هیچ له‌ كه‌سایه‌تى و سیاسییه‌كان ده‌رنه‌بڕێت و په‌له‌ نه‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تێكى عاقڵانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ سیاسییه‌ بگرێته‌به‌ر".

ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌رچى داواكاریى پێشووترى خۆپیشاندانه‌كان بریتی بوو له‌ دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كار و دامه‌زراندن و گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ڵام به‌هۆى فراوانبوونى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ ئه‌و داواكارییانه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى گۆڕینى ده‌سه‌ڵات و حكومڕانیى عێراق گۆڕا و له‌ئێستادا دۆخه‌كه‌ ناڕوونه‌ و هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆى لاوازه‌".

سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین جار پاڵپشتییان بۆ مافى ره‌واى خه‌ڵك ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى كه‌ كاریگه‌ریى نه‌كاته‌ سه‌ر تێكچوونى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق.

ده‌رباره‌ى خۆپیشاندانه‌كان و ئاینده‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، فارس عیسا نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا وتى: "ئیراده‌ى رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوولا به‌هێزه‌ به‌ڵام دروستبوونى خۆپیشاندانه‌كان كۆبوونه‌وه‌كانى راگرتووه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕێى هێوربوونه‌وه‌ یاخود گۆڕانكاریى دواى خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ى له‌ نێوان هه‌ردوولادا هاتووه‌ته‌دى له‌ده‌ستنه‌ده‌ین".

فارس عیسا ده‌ڵێت: "نازانین له‌ داهاتوودا رووبه‌ڕووى چ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆى له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ڵام به‌هه‌ر جۆرێك بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌لى كورد-دایه‌ دۆخى عێراق ئاسایش و سه‌قامگیریى سیاسى به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت".

له‌باره‌ى نه‌وت و بودجه‌شه‌وه‌، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌غدا وتى: "له‌ئێستادا حكومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌مدەهێنێت و ده‌بێت 250 هه‌زار به‌رمیل بداته‌ به‌غدا و 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیش بۆ خه‌رجیى ناوخۆیى و كۆمپانیاكان و كاره‌با ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ پێویستى به‌ یاسا و چاودێریى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ گۆڕینى ده‌موچاوه‌كان دووباره‌ گرفتى یاسایى له‌سه‌ر مووچه‌ و پشكى هه‌رێمى كوردستان درووست نه‌بێت".

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسیى بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، زۆرێك له‌ سیاسى و لایه‌نه‌كان باس له‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جارێكى تر هه‌رێم تووشى قه‌یرانى دارایى و پێنه‌دانى مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران ببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌ كاربه‌ده‌ستانى حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌یوه‌ندیى به‌و كێشمه‌كێشمه‌ سیاسییه‌وه‌ نییه‌ و هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له‌ عێراق بكرێت ئه‌وا رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا پارێزراو ده‌بێت.

عابد ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت: "ئه‌گه‌رچى له‌ دواى دروستبوونى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق هاووڵاتیانى كوردستان نیگه‌رانن، به‌ڵام هاتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت و تائێستا هیچ نووسراوێك یاخود ئاگادارییه‌كمان بۆ نه‌هاتووه‌ داواى راگرتنى مووچه‌ بكرێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت".

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بانكى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت: "هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ حكومه‌تى عێراق رووبدات، حكومه‌تى هه‌رێم مامه‌ڵه‌ له‌َگه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌كات و بێگومان مافى مووچه‌خۆرانى كوردستان پارێزراو ده‌بێت".

له‌دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانیش، سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆیان بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و ئه‌گه‌ره‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور نیشانداوه‌ و هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ ده‌ستووردا، به‌باش نازانن، بۆیه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشتیى خۆى بۆ مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق و تێكنه‌چوونى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق نیشانداوه‌ و جه‌ختیشى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و مافى هاووڵاتیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى كه‌ سه‌رجه‌م مافه‌كانى تیادا پارێزراو بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان: تائێستا نزیكه‌ى 200 كه‌س له‌ خۆپیشانده‌ره‌كانى عێراق كوژراون و نزیكه‌ى 12 هه‌زار كه‌سیش برینداربوون، ئه‌مه‌ش تووڕه‌یى هاووڵاتیانى زیاتر كردووه‌، دروشمه‌كانیان له‌ چاكسازییه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك  داواكاریى به‌رز، له‌وانه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و كۆمار. هاوكات  داواى دروستكردنى حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌ماى هاووڵاتیبوون ده‌كرێت كه‌ دووربێت له‌ خزمه‌تكردنى مه‌زهه‌ب و كه‌سایه‌تى و گروپه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ده‌كرێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە