ئه‌ندامى رێكخراوێكى ئه‌مریكى به‌هۆى تۆپبارانى توركیاوه‌ كوژرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 328‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

له‌ ئه‌نجامى تۆپبارانى سوپاى توركیا ئه‌ندامێكى رێكخراوێكى ئه‌مریكى له‌ ناوچه‌ى تلته‌مه‌ر له‌ رۆژئاواى كوردستان كوژرا.


به‌رخودان حسین، چالاكوانى مه‌ده‌نى له‌ رۆژئاواى كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: له‌ ئه‌نجامى تۆپبارانى سوپاى توركیا له‌نێوان ناوچه‌ى گوندى ره‌شیدیه‌ بۆ گوندى قاسمیه‌ له‌ ناحیه‌ى تل ته‌مه‌ر ئۆتۆمبێلێكى رێكخراوى (بۆرما فرى رێنجێرس-  free Burma rangers)ى ئه‌مریكى كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى و برینداران كرایه‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ دوو ئه‌ندامى رێكخراوه‌كه‌ به‌ سه‌ختى برینداربوون.

وتیشى: "دواى گواستنه‌وه‌ى برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌، یه‌كێكیان به‌ ناوى (زاو سنك) به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك تایله‌ندى ته‌مه‌ن 37 ساڵ گیانى له‌ده‌ستدا‌".

ئه‌و چالاكوانه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌ گوێره‌ى بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ناكرێت له‌كاتى شه‌ڕ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان بكرێنه‌ ئامانج و ئه‌و كاره‌ به‌ تاوانى جه‌نگ ناوده‌برێت، به‌ڵام سوپاى توركیا به‌ به‌رده‌وامى ئه‌م تاوانه‌ به‌رامبه‌ر چالاكوانان ئه‌نجام ده‌دات و پێشتریش سێ ئه‌ندامى رێكخراوێكى ته‌ندروستیان له‌ گرێسپى به‌ ئاشكرا گولـله‌باران كرد.



پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure