شارەزایان هۆشداریی لە مەترسی دروستبوونی جەنگی ئاو دەدەن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 428‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

شارەزایانی ئاو هۆشداریی لە مەترسی دروستبوونی جەنگی ئاو دەدەن لە ساڵانی داهاتوودا كە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات. پسپۆڕێكى جوگرافیا دەڵێت: "ئێستا لەسەر ئاستی جیهان كێشەی ئاو بووه‌تە ژمارە (یەك) بەتایبەتییش هەرێمی كوردستان كە ناوچەی كێشەی ئاوە و شەپۆلی وشكەساڵی دەیگرێتەوە".


(ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووەمی 2019) دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، وۆركشۆپێكی بۆ مەترسییەكانی داهاتووی ئاو لە كوردستان و عێراق، بەبەشداریی چەندین شارەزای بوارەكه‌ رێكخست.

پۆڵا خانەقا، سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بە دواڕۆژی راگەیاند: بۆ ساڵانی داهاتوو هەرێمی كوردستان تووشی كێشەی كەمئاویی دەبێتەوە، چونكە بەهۆی زۆربوونی دانیشتوانەوە شاره‌كان گەورە دەبن و پێداویستی زۆرتر دەبێت و جەنگی ئاو دروستدەبێت، بۆیە زۆر گرنگە لەئێستاوە ئامادەكاریی بۆ كێشەی كەمئاویی بكرێت.

وتیشى: "ئێمه‌ تائێستا پشكنینمان بۆ چەندین هەزار بیر و كانیی ئاو كردووە تا بزانین چەندیان ئاوی كوردستانە و چەندیشیان ئاوی وڵاتانی دیكەیە. توركیا و ئێران كە دوو دەوڵەتی گەورەن و ئاوی كوردستانیان لێ دێت، زۆرجار ئاوەكە دەگرنەوە، بۆیە گرنگە رێككەوتنی عێراق-ئێران- توركیا بكرێت بۆ ئەوەی نەتوانن ئاوی كوردستان بگرنەوە".

پڕۆفیسۆر خەلیل كەریم، مامۆستای بەشی جوگرافیای زانكۆی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی: "ئێستا لەسەر ئاستی جیهان كێشەی ئاو بووه‌تە ژمارە (یەك) بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان كە ناوچەی كێشەی ئاوە و شەپۆلی وشكەساڵی دەیگرێتەوە، بۆیە كێشەی ئاو بووه‌تە كێشەیەكی گەورە، هەم لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و هه‌م لەسەر ئاستی سیاسی نێوان دەوڵەتانیش".

ئه‌و پرۆفیسۆره‌ وتیشى: "بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لەسەر ئاستی دامودەزگاكانی دەوڵەت دەبێت چارەسەر بكرێت و دەوڵەت هەستێت بە وەبەرهێنانی ئاو، ئەوەش بە دانانی پرۆژەیەكی گشتگیر و درێژخایەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاو و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدان".

جەختیكردەوە: "چەندین رێگەی تەكنیكی بۆ كۆكردنەوەی ئاو هەیە، لە دروستكردنی بەنداوی بچووك و گەورە، هەروەها دروستكردنی بەنداوی ژێرزەوی كە مواسەفاتی بەرزی هەیە بەراورد بە بەنداوی سەرزەوی، بۆیە ئەگەر ئیرادە هەبێت بۆ رەسمكردنی سیاسەتێكی ئاو-ی رەشید و گونجاو، ئەوكاتە دەتوانرێت تەكنیكییەكان تاقیبكرێنەوە".

خەلیل كەریم وتیشی: "ئێستا لەناو كێشەی كەمئاویداین، بەڵام ئەگەر دانی پێدانەنێین ئەوە كێشەیەكی دیكەیە. هەر بۆ نموونە زۆربەی بەرهەمەكانی هاوردە كە دێنە كوردستان واتە هاوردەی بەشێك لەئاوی ئەو دەوڵەتانەیە، كەواتە ئێمە ئاومان نییە".

عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتى: "ئاوی ژێرزەوی 69%ی گۆی زەویی پێكهێناوە كە خەزنكراوە، 1%ی ئەو ئاوەی لەسەر زەوییە بۆ پێداویستی بەكاردەهێنرێت، ئەوەی دیكەش بەستەڵەكەكانی باكوور و باشوورە، بەڵام لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گرنگیی زۆر بەئاوی ژێرزەوی نەدراوە".

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانی ده‌ڵێت: "ئێمه‌ لە ساڵی 2016وە دەستمانكردووە بە دیراساتی هایدرۆجیۆلۆجی بۆ ئەوەی بزانین ئاوی ژێرزەوی لەكوێدایە و ئاستەكەی چەندە، لەكوێ كۆدەبێتەوە. پلانی پێنج ساڵیمان داڕشتووە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و تائێستا مەترسیی ئاوی ژێرزەوی نییە، هەرچەندە زیادەڕۆیی لە هەڵكەندنی بیردا هەیە، بەڵام نەكەوتووینەتە هێڵی سوور، هێشتا ئاوی شیرینی ژێرزەویمان پارێزراوە".

پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە