یه‌ك ساڵ ماوه‌ و ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌موو كاتێك دابه‌شترن

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 366‌ جار بینراوە
دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا

تاگ :: ئەمریکا

دواڕۆژ

ساڵێكی تر له‌م رۆژه‌دا خه‌ڵكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی تر جارێكی تر بڕیارده‌ده‌ن كه‌ ئایا ده‌یانه‌وێت دۆناڵد ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان بمێنێته‌وه‌ یان نا.


به‌ڵام نازانرێت ئایا ئه‌مریكای 2020/11/3 چ ئه‌مریكایه‌كه‌؟ نه‌یاره‌كانی ترامپ كێ ده‌بن؟ ئایا دیموكراته‌كان ده‌توانن وه‌ڵام بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئایدۆلۆجی و جیاوازیی نه‌وه‌كان و دیموگرافیاوه‌ هه‌یه‌؟ ئایا ئه‌مریكا ئابوورییه‌كی به‌هێزی ده‌بێت كه‌ پشتیوانیی ترامپ بكات یان نیشانه‌ ئاگاداركه‌ره‌وه‌كانی پاشه‌كشه‌ی ئابووری ده‌بنه‌ راستی؟ ئایا ترامپ رووبه‌ڕووی ده‌نگده‌ران ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ سێیه‌م سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت؟

ئه‌وه‌ی به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌زانرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لی ئه‌مریكا به‌ جیاوازییه‌كی قووڵی هاوشێوه‌ی جیاوازییه‌كانی نیو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ كاتی جه‌نگ و مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

جیاوازییه‌كانی ئێستا ره‌نگدانه‌وه‌ی دابه‌شبوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی نێوان ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانه‌ كه‌ ئابوورییه‌كه‌یان به‌زۆری له‌سه‌ر پیشه‌سازیی ئوتومبیله‌ كه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌ی شاره‌كان كه‌ له‌ رووی ره‌گه‌زییه‌وه‌ هه‌مه‌چه‌شنن و زۆربه‌ی ئابوورییان له‌ خزمه‌تگوزاریی و ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.

به‌شێكی زۆری جیاوازییه‌كان له‌ پێش ترامپیشه‌وه‌ هه‌بوون، به‌ڵام ترامپ جیاوازییه‌كانی زیادكرد و له‌ مێژووی ئه‌مریكادا هیچ سه‌رۆكێك نه‌بووه‌ راپرسییه‌كان بۆچوونی ئه‌وه‌نده‌ جیاواز و جه‌مسه‌رگیری هاووڵاتیانی له‌سه‌ر نیشان بده‌ن.

به‌پێی راپرسییه‌كی گالوپ، 86%ی كۆمارییه‌كان پشتیوانی له‌ ترامپ ده‌كه‌ن و له‌هیچ كاتێكدا پشتیوانییه‌كه‌ له‌ 79% كه‌متر نه‌بووه‌، به‌ڵام دیموكراته‌كان ته‌نیا 7%یان پشتیوانی له‌ ترامپ ده‌كه‌ن و له‌ هیچ كاتێكدا پشتیوانییه‌كه‌یان 12% زیاتر نه‌بووه‌.

ئه‌م جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ وایكردووه‌ زۆربه‌ی ئه‌مریكییه‌كان بایه‌خ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بده‌ن. به‌پێی راپرسییه‌ك ئه‌سۆشیه‌تد پرێس 82%ی دیموكراته‌كان و 74%ی كۆمارییه‌كان بایه‌خ به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ترامپ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بباته‌وه‌ ناچاربێت دووباره‌ پشتیوانه‌كانی خۆی هان بداته‌وه‌.

ترامپ له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی كاربكات بۆ قایلكردنی سه‌ربه‌خۆ و دیموكراته‌كان كه‌ ده‌نگی پێبده‌ن، هه‌وڵده‌دات بۆ قایلكردنی ئه‌و كۆمارییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2016دا به‌شدارییان نه‌كردبوو.

له‌ئێستادا بارودۆخی ئابووریی ئه‌مریكا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ترامپه‌ و وڵاته‌كه‌ گه‌شه‌ی ئابووریی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت. هه‌روه‌ها رێژه‌ی بێكاری له‌ ئه‌مریكادا 3.6%ه‌ كه‌ نزمترین رێژه‌یه‌ له‌ په‌نجا ساڵی رابردوودا. جگه‌ له‌وه‌ش، پێنوێنه‌كانی بۆرسه‌ له‌ به‌رزترین ئاسته‌كانیاندان.

له‌ هه‌فته‌ی رابوردوودا كاتێك پرسی لێپێچینه‌وه‌ له‌ ترامپ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تێكڕای كۆمارییه‌كان ده‌نگیان به‌ نه‌خێردا و تێكڕای دیموكراته‌كان جگه‌ له‌ دوو كه‌سیان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا. به‌مه‌ش لێپێچینه‌وه‌ له‌ ترامپ ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ستهێنا و ترامپ ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌دوای لێپێچینه‌وه‌ خۆی بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئاماده‌ بكات.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure