شاندێكى پارتى گه‌یشته‌ به‌غدا

هەواڵ / کوردستان :: 03/11/2019‌ :: 1398‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

شاندێكى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى هۆشیار زێبارى به‌مه‌به‌ستى گه‌یاندنى په‌یام و بۆچوونى ئه‌و حزبه‌ له‌باره‌ى حكومه‌تى ئێستا گه‌یشته‌ به‌غدا و وابڕیاره‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق و سه‌ركرده‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆببنه‌وه‌.


به‌یانى (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى تشرینى دووه‌مى 2019) شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى هۆشیار زێبارى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانى و عێراقییه‌كانى پارتى گه‌یشتنه‌ به‌غدا و یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا و وابڕیاریشه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كان كۆببێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان دواڕۆژ ئه‌و شانده‌ى پارتى بۆچوون و په‌یامى حزبه‌كه‌یان له‌باره‌ى دۆخى عێراق پێیه‌ و هه‌ڵوێستى خۆشیان له‌باره‌ى حكومه‌ت ئێستاى عێراق و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور ده‌گه‌ینه‌ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

لاى خۆیه‌وه‌ نوسینگه‌ى محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ پێشوازیكردنى له‌ وه‌فدى پارتى ئاشكرایكردووه‌ كه‌ له‌ دیدارەكەدا تاوتوێی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسی و ئەمنییه‌ كراوه‌ كه‌ لە قۆناغی ئێستادا وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت.

به‌پێى راگه‌یاندراوه‌كه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواكاری رەوای خۆپیشاندەران و گرنگی جێبەجێكردنیان و هەمواری دەستور گفتووگۆى له‌باره‌وه‌ كراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure