دوایین زانیارى له‌باره‌ى كێشه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2500‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

شاندى یه‌كێتى له‌سه‌ر ئاستى حكومى و حزبى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌باره‌ى تێبینى و گله‌ییه‌كانیان كۆبوونه‌وه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانی دواڕۆژیش سه‌رۆكى حكومه‌ت تێبینییه‌كانى یه‌كێتى هه‌مووى وه‌ك خۆى وه‌رنه‌گرتووه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ى جیاوازى چه‌ند رۆژى رابوردووى نێوان شاندى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (عیماد ئه‌حمه‌د و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا و قوباد تاڵه‌بانى) دواتریش كۆبوونه‌وه‌ى تیمى یه‌كێتیى له‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، شاندى یه‌كێتى ته‌واوى تێبینیه‌كانى خۆیان له‌باره‌ى ئه‌داى حكومه‌ت و گله‌ییه‌كان له‌باره‌ى قۆرغكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان و جێبه‌جێنه‌كردنى  رێككه‌وتنه‌كه‌یان داوه‌ته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت.

به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ وه‌ڵامى مه‌سرور بارزانى ئه‌وه‌بووه‌ زۆرێك له‌و تێبینیانه‌ ده‌بێته‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت وه‌كو خۆى جێبه‌جێنه‌كرێت و له‌ شوێنى خۆى نین.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت و شانده‌كانى یه‌كێتى نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن ته‌نها به‌ڵێنى ئه‌وه‌ به‌ شانده‌كان دراوه‌ هه‌ر كاتێك یه‌كێتیى ناوى كاندیدانى شه‌ش بریكارى وه‌زیر و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مین و ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان پێشكه‌شبكات ئه‌وا فه‌رمانى ده‌ستبه‌ركابوونیان بۆ ده‌رده‌كرێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكى حكومه‌ت كاندیدى یه‌كێتى بۆ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ره‌تكردۆته‌وه‌ و داواى كردووه‌ بیگۆڕن و بڕیاریشدراوه‌ كۆبوونه‌وه‌ى دیكه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

(پێنجشه‌ممه‌ى رابوردوو 31ى تشرینى یه‌كه‌م) لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ره‌خنه‌ى له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان گرت و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئەگەر پارتی دەیەوێت حکومەتێکی هاوبەشی راستەقینە دروستببێت، دەبێت هەموو ئەو خاڵانەی لە رێککەوتنەکە دانراوه‌، جێبەجێیبکەن.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: یەکڕیزی نیشتمانی، هاوپەیمانی و یەکدی قبووڵکردن بە رێزگرتن لە ئیرادەی یەکدی و هاوبەشی راستەقینە دروستدەبێت نەک خۆسەپاندن.

(دوێنێش شه‌ممه‌ 2ى تشرینى دووه‌م) مه‌حمود مه‌حه‌مه‌د، وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ڵامى وته‌بێژى یه‌كێتى دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند: رێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێکراون، لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسانی یەکێتی دەستبەکارن، ئەوەی ماوەتەوە لە خوار ئەنجوومەنی وەزیرانە کە یەکێتی خۆی بەرپرسە لەوە و بەربژێرەکانی یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەوەش کێشەی ئیداری بۆ حکومەت دروستکردووە.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوان لەگەڵ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانن، بۆ نموونە نزیكەی شەش مانگە لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكیان لەسەر كەركوك هەیە، بەڵام ئەوەندە دەستی دەستییان پێكردن تا ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشایەوە.

وتیشى: "ئومێد هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت ئەو رێككەوتنەی واژوومان كردووە دوو بەشە، یەكێكیان ئەوەی بڵاوكرایەوە و بەشی دووەمیش ئەوەبوو وتیان لەسەر ئێمە واتە لەسەر بەڵێنی شەخسی (جێنتڵمانانە) بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە خالید شوانییەوە هەبوو، ئەوەش جێبەجێ نەكراوە".

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure