شه‌ڕڤانان دوو ناحیه‌یان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1035‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێرى رابوردوودا 15 گوندى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى تلته‌مر له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: دوو ناحیه‌ به‌ ته‌واوى كه‌وتونه‌ته‌وه‌ ده‌ست شه‌ڕڤانان.


له‌میانه‌ى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانى 48 كاتژمێرى رابوردوودا له‌نێوان شه‌ڕڤانانى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و چه‌كدارانى گروپه‌كانى نزیك له‌ توركیا 15 گوندى باكورى ناحیه‌ى تلته‌مر ئازادكران.

عه‌بدولكه‌ریم عامودى، چاودێرى سیاسى له‌ رۆژئاوا (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ئێستادا شه‌ڕڤانان به‌ دوورى 8 بۆ 10 كیلۆمه‌تر نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ سنورى توركیا.

وتیشى: "له‌ ناحیه‌ى زرگان (ئه‌بو راسین)یش شه‌ڕڤانان به‌ دوورى 12 كیلۆمه‌تر پاشه‌كشه‌یان به‌ چه‌كدارانى گروپه‌كانى نزیك له‌ توركیا كردووه‌".

ئه‌و چاودێره‌ ئه‌وه‌شى وت: "هه‌ردوو ناحیه‌ى ئه‌بو راسین و تلته‌مر به‌ ته‌واوى له‌ژێر كۆنتڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌دایه‌".

هه‌ردوو ناحیه‌كه‌، كه‌ سه‌ر به‌ قه‌زاى سه‌رێكانى-ن، له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورى ناوچه‌ى ئارامه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتنى نێوان توركیا و ئه‌مریكا و روسیا دیاریكراوه‌، به‌ڵام توركیا و گروپه‌كانى هاوكارى ده‌یانه‌وێت ده‌ستى به‌سه‌ردابگرن.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure