لیستی برایه‌تی: پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریيه‌كانی راكان جبوری هیچ شه‌رعیيه‌تێكی نییه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 154‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ئه‌ندامێكی لیستی برایه‌تی ئاشكرایكرد كه‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئێستای كه‌ركوك هیچ شه‌رعیيه‌تێكیان نیيه‌ و یه‌كێكیشه‌ له‌و دۆسێیانه‌ی له‌دادگا دژی راكان جبوری كراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیستی برایه‌تی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌م به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: نزیكه‌ی مانگێك به‌ر له‌ئێستا وه‌كو لیستی برایه‌تی ئیمزاكانی خۆیان له‌سه‌ر پلانی پڕۆژه‌كانی راكان جبوری پارێزگاری كاتی كه‌ركوك كشاندوه‌ته‌وه‌.

وتیشی: "له‌و واده‌یه‌وه‌ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌ركوك هیچ شه‌رعیه‌تێكیان نه‌ماوه،‌ چونكه‌ پێشتر به‌پێی ئیمزای نیوه‌ی زیاتری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، بودجه‌ی كه‌ركوك گواسترایه‌وه‌ بۆ دیوانی پارێزگا تاوه‌كو پڕۆژه‌كان جێبه‌جێبكرێت".

هۆكاری كشانه‌وه‌ی ئیمزاكانیشی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ راكان جبوری پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی خۆی نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كان به‌بێ جیاوازی و گومانه‌كانیشیان له‌سه‌ر چۆنێتی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری راشیگه‌یاند "كه‌ پێویستبوو پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان رابگیرێن، به‌ڵام راكان جبوری به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ری، ئه‌گه‌ر دادگا به‌سیاسی نه‌كرابێت ئه‌وه‌ پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و ئه‌و كاره‌ش یه‌كێكه‌ له‌دۆسێكان كه‌ له‌دژی پارێزگاری كاتی كه‌ركوك كراونه‌ته‌وه"‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیستی برایه‌تی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابوردووه‌وه‌ به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، و له‌ئێستادا كاری چاودێری به‌په‌رله‌مانتاران سپێدراوه‌.

رۆژی 8ی تشرینی یه‌كه‌م لیستی برایه‌تی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كشانه‌وه‌ی ئیمزاكانیان له‌سه‌ر پلانی پڕۆژه‌كه‌ی راكان جبوری كشانده‌وه‌ و ره‌خنه‌ی توندیشیان له‌كارو هه‌نگاوه‌ شۆڤێنیه‌كانی ناوبراو گرت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure