پەرلەمانی كوردستان كەیسێكی "گەندەڵی" دەجوڵێنێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/11/2019‌ :: 2835‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی له‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه‌ نه‌دراوه"‌.

به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان "پاره‌یه‌كی زۆر به‌ هه‌ده‌ر د‌راوه‌" به‌وهۆیه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ داوا ده‌كات سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ "ده‌ست له‌كار بكێشته‌وه‌و دادگایی بكرێت".

له‌باره‌ی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی له‌ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم، حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ده‌ستیكردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و به‌هه‌ده‌ردانانه‌ی كه‌ كراوه‌، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی نه‌دراوه"‌.

وتیشی: "دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان، ورده‌كاری كه‌یسه‌كه ‌و شێوازی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی بۆ رای گشتی راده‌گه‌یه‌ندرێت".

به‌پێی راپۆرتێكی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئۆتۆمبێلێكی (لانكرۆزەر)ی بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ كڕیوه‌، بەڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كردووە بە ناوی (لیدڵ سلێمان)ەوە كە سكرتێریەتی‌ و برای هاوژینەكەیەتی، هه‌روه‌ها سەرۆكی دەستەكە بۆ راپۆرتی رەوشی كچانی ئیزدی بڕی نۆ ملیۆن دیناری لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران وەرگرتووە، لەكاتێكدا چاپكردنی راپۆرتەكە لەئەستۆی رێكخراوی (بەدیكۆمێنتكردنی ئێزدییەكان) بووە.

هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌كه‌، سەرۆكی دەستە حه‌وت جار و به‌ بڕی 68 ملیۆن دینار خۆی ئیفاد كردووەو بڕی 71 ملیۆن دیناریشی بۆ نۆژەنكردنەوەی نوسینگەكەی خه‌رجكردووه‌، هه‌روه‌ها بڕی 80 ملیۆن‌ دیناری بۆ فەرهەنگی نابیستان خەرجكردووە، له‌كاتێكدا ئەم فەرهەنگە هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نەبووەو چاپنەكراوە.

راپۆرته‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، مینحەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لەماوەی 10 مانگی 2014دا بەمشێوەیە بووه‌، كه‌ نزیكه‌ی 31 ملیۆن‌ دینار بۆ میوانداری و بڕی پێنج ملیۆن‌ و 540 هەزار دینار بۆ كارتی مۆبایل و هه‌شت ملیۆن‌ و 12 هەزار دیناری بۆ خەرجی جلوبەرگ بووه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure