دوو به‌رپرسی كورد ده‌ستگیر كران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1715‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

حكومه‌تی توركیا هه‌ردوو هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی سارای شاری وان و هاوسەرۆكی شارەوانی ناوچەی كایەپناری سەر بە ئامەد دوورخسته‌وه‌و ده‌ستگیر كرد.

لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانییەکانی باكووری كوردستان، حكومه‌تی توركیا كازیبان یڵماز هاوسەرۆكی هەدەپە و سەرۆکی شارەوانی لە ناوچەی كایەپنار و هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی سارای شاری وان-ی دەستگیرکرد و له‌ شوێنه‌كانیان قەیوم "خۆسەپێن" دانراون.

عابد ئیکه‌، نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێم (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی تشرینی دووه‌م) به‌ ‌دواڕۆژی راگه‌یاند "ئه‌و دوو سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردن و ده‌یانه‌وێت خزمه‌تی باكووری كوردستان بكه‌ن، ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستگیری كردوون بۆئه‌وه‌ی خزمه‌تی ناوچه‌كانی باكووری كوردستان نه‌كرێت، به‌مه‌ش هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌نگی زیاتری كورد به‌ده‌ست نه‌هێنێت".

نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ راشیگه‌یاند، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا، كورد توانی 60 سه‌رۆك شاره‌وانی به‌ده‌ست بێنێت كه‌ گرنگتیرینیان گه‌وره‌ شاره‌وانییه‌كانی ئامه‌د، ماردین، جه‌زیره‌، وان- بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ بڕیاری حكومه‌ت تائێستا 13 سه‌رۆك شاره‌وانی كورد دوورخراونه‌ته‌وه‌ و له‌ شوێنه‌كانیان قه‌یوم دانراون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure