جیهان به‌كورتى: ژنێك سێ منداڵى خۆى ده‌كوژێت

هەواڵ / جیهان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 34418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌دا ئه‌لبه‌له‌د – ژنێك سێ منداڵى خۆى ده‌كوژێت
له‌ وڵاتى برازیل ژنێك سێ منداڵى خۆى ده‌كوژێت و دواتر گوللـه‌یه‌كیش ده‌نێت به‌سه‌رى خۆیه‌وه‌ و كۆتایى به‌ ژیانى خۆى ده‌هێنێت.

به‌پێى لێدوانى پۆلیسى برازیل: "ئه‌و ژنه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى كێشه‌یان هه‌بووه‌ و به‌رده‌وام شه‌ڕیان بووه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى له‌یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆر یه‌كتریان خۆشویستووه‌، دواى جیابوونه‌وه‌ى له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى، سێ منداڵى خۆى كه‌ دووانیان دوانه‌ن و ته‌مه‌نیان حه‌وت ساڵه‌ و ئه‌ویتریان 10 ساڵه‌ كوشتووه‌ و دواتر خۆیشى كه‌ ته‌مه‌نى 35 ساڵه‌ كۆتایى به‌ژیانى خۆى هێناوه‌".


رۆیته‌رز – سوله‌یمان سۆیلو وه‌زیرى ناوخۆى توركیا رایگه‌یاند: "هه‌موو داعشه‌ زیندانیكراوه‌كان ده‌گێڕینه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانى خۆیان، له‌به‌رئه‌وه‌ى تاكو ئێستا ئه‌وروپا هیچ هه‌نگاوێكى بۆ چاره‌سه‌ر له‌باره‌یانه‌وه‌ نه‌ناوه‌".


سه‌دا ئه‌لبه‌له‌د – له‌دواى ده‌ستپێكردنى هه‌نگاوى لابردنى ترامپ له‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا، دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌كاتى به‌ڕێكه‌وتنى بۆ نیو یۆرك له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆشكى سپى به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند: "بانگهێشتنامه‌م بۆ ڤۆڵۆدیمێر زیڵێنسكى سه‌رۆكى ئۆكرانیا ناردووه‌ سه‌ردانى كۆشكى سپى بكات، پێموایه‌ قوبوڵى بكات و ئه‌ویش ئاره‌زوو بكات بێت".


ئاژانسى فرانس پرێس – به‌رپرسى دارستانه‌كانى باكورى خۆرهه‌ڵاتى هیندستان رایگه‌یاند: "له‌ هه‌فته‌ى رابوردوودا ئه‌و فیله‌ زه‌به‌لاحه‌ى به‌ناوى ئوسامه‌ بنلادن رێكخراوى قاعیده‌وه‌ ناونرابوو، پێنج كه‌سى له‌ گوندێكدا كوشتووه‌ و هه‌ڵاتووه‌، ئێستا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین".


واشنتۆن پۆست – به‌پێى راپۆرتێكى سایتى واشنتۆن پۆستى ئه‌مریكى، گروپه‌ مافیاییه‌كانى مه‌كسیك به‌ به‌كارهێنانى ئامێرى كاره‌بایى كه‌لێنى گه‌وره‌یان كردووه‌ته‌ دیوارى سنوورى نێوان ئه‌مریكا و مه‌كسیك كه‌ دۆناڵد ترامپ له‌كاتى بوونى به‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا دروستیكرد.


سه‌دا ئه‌لبه‌له‌د – له‌ مۆسكۆى پایته‌ختى روسیا له‌لایه‌ن چه‌كدارێكى نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى "BMW"ه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ به‌رپرسێكى ئه‌منى روسیا و براكه‌ى ده‌كرێت و هه‌ردووكیان ده‌كوژرێن، به‌رپرسه‌كه‌ ناوى ئیبراهیم ئیلجاركیڤه‌ و سه‌رۆكى سه‌نته‌رى به‌گژداچوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ى ئینگوشیتیایه‌ كه‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى روسیایه‌.


وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure