ئایا توركیا ئاگاداربووە لە حەشارگەكەی بەغدادی؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 494‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


سەرچاوە هەواڵگری و میدیاییەكان بەگومانەوە لە توركیا دەڕوانن سەبارەت بەشوێنی خۆشاردنەوەی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی داعش لە نزیك سنووری توركیا. 
پسپۆڕە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و پێیانوایە كە ئەنقەرە بێ ئاگا نەبووە لەشوێنی خۆشاردنەوەی سەركردەكانی داعش.

ئەبو بەكر بەغدادی و وتەبێژی ڕێكخراوەكە ئەبوو ئەلحەسەنی موهاجیر چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە دوو هێرشی جیاوازی هێزە ئەمریكییەكان لە ناوچە سنوورییەكانی سوریادا كوژران.

ڕاپۆرتێكی بلۆمبێرگ دەڵێت: "پسپۆڕە هەواڵگرییەكان ئەو پرسیارەیان لا دروستبووە كە ئاخۆ چۆن ئەم دوو پیاوە توانیویانە لەو ناوچانەدا پەناگەی پارێزراو دابین بكەن بۆ خۆیان كە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەنقەرە و چەكدارە لایەنگرەكانی توركیادان".

شاری ئیدلیب چەندین خاڵی پشكنینی توركی تێدایە جەڕابلوسیش كە لە پارێزگای حەلەبە و موهاجیری تێدا كوژرا دەورییەی توركی بە بەردەوامی پیایدا دەسوڕێنەوە. 

لەڕووداوی هێرشەكەی ئەمریكادا بۆ سەر ئەو دوو شوێنە چەندین بەڵگەنامە كەوتوونەتە دەست دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا كە ئێستا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەو بەڵگەنامانە تا بزانن ئاخۆ چ جۆرە پەیوەندییەك هەبووە لەنێوان داعش و دەزگای هەواڵگری توركیدا.

ئەم گومانانەی توركیا لە خۆڕایی نییە، چونكە پێشتریش ئەردۆگان ڕێگەی داوە بە چەندین چەكداری بیانی لە ئەوروپا و ئەفریقاوە بە توركیادا بچن بۆ سوریا هەروەها بە ئاشكرا پشتیوانی جیهادییە سوننەكانی كردووە بە مەبەستی ڕژێمی سوری هەروەها بەم دواییە هەواڵگری ئەمریكی بۆی دەركەوت كە لانی كەم یەكێك لە بەرپرسەكانی داعش كە وەزیری داراییەكەیانە، لەتوركیا نیشتەجێیە و لەساڵی 2017 ەوە ڕووی كردووەتە ئەو وڵاتە.

تۆم جۆسلین كە سەركردەیەكی دیاری دەزگای بەرگریكردنە لە دیموكراتەكان، دەڵێت: "هاتوچۆی ئازادی جیهادییەكان لە توركیادا گومانی گەورە دەخاتە سەر سیاسەتی ڕاستەقینەی ئەنقەرە بەرامبەر بە داعش". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure