هه‌ولێر.. سێ چالاكی "گرنگ"ی هونه‌ری ئه‌نجامده‌درێت

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار

دوای كۆتاییهانی شه‌ڕ و سوكبوونی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ست به‌ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌ و بڕیاره‌ هه‌ردوو فێستیڤاڵی شانۆ و میوزیكی كوردی ئه‌نجامبدرێت و زیاتر له‌ 11 ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی به‌شداری بكه‌ن، بۆ یه‌كه‌مجاریش به‌ به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی 17 وڵاتی ئه‌وروپی و عه‌ره‌یی یه‌كه‌مین دیداری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کورتە فیلمی ئەنیمەیشن رێكبخرێت.


به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی داعش، حكومه‌تی هه‌رێم زۆربه‌ی ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌ریی و رۆشنبیرییانه‌ی راگرتبوون، كه‌ بودجه‌یه‌كی زۆریان پێویستبوو، به‌ڵام دوای نه‌مانی شه‌ڕو سوكبوونی قه‌یرانه‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریداوه‌ پاره‌ بۆ هه‌ندێك چالاكی هونه‌ری خه‌رجبكات، به‌ڵام نابێت خه‌رجییه‌كان زۆربن.

دوای بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌رپرسانی هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان و ده‌یانه‌وێت زۆرترین چالاكی هونه‌ری ئه‌نجامبده‌ن، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا سێ چالاكی هونه‌ری رێكده‌خرێت كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ ئه‌نجامنه‌دراون.
فه‌رهه‌نگ غه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "بڕیاره‌ له‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2019 به‌ به‌شداری هه‌شت گروپی میوزیك كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان به‌شداری ده‌كه‌ن، دووه‌مین فێستیڤاڵی هه‌ولێر بۆ میوزیك و گۆرانی رێكبخرێت".

وتیشی: "فێستیڤاڵه‌كه‌ ماوه‌ی هه‌شت رۆژ به‌رده‌وامده‌بێت و دواتر خه‌ڵات به‌سه‌ر تیپه‌كان دابه‌شده‌كرێت".

هاوكات له‌ رۆژانی 26 تاوه‌كو 29ی تشرینی دووه‌می 2019، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌ولێر یه‌كه‌مین دیداری نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کورتە فیلمی ئەنیمەیشن به‌ به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی 17 وڵاتی ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی له‌ هه‌ولێر، رێكده‌خرێت.
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری هونەری سینەما له‌ هەولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "٥۰ کورتە فیلم لە ۱۷ وڵات بە کوردستانیشەوە بەشدارن، هه‌روه‌ها چەندین کارو بەرهەمی تازەی کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی کە بەرهەمی  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونەری سینەمای هەولێره‌ لەو دیدارە نیشان ده‌درێن، جیا لە نیشاندانی فیلم، سێ پانێلی تایبەت لەسەر هونەری سینەمایی ئەنیمەیشن و گرنگییەکانی لە هەموو بوارەکانی ژیانەوە بەڕێوەدەچن".

لیژنەی دادوەرانی ئەو دیدارە نێودەوڵەتییە لەکەسانی پسپۆڕی کورد و بیانی پێکدێن، کۆمەڵێک کەسایەتی دیاری هونەری سینەماش لە دەرەوەی وڵات میوان و بەشدار دەبن.

شاخەوان مستەفا ئەوەشی ئاشکراکرد: چوار خەڵاتی سەرەکی بەسەر فیلمە براوەکان دابەشدەکرێت له‌وانه‌، باشترین فیلم، باشترین بیرۆکە، باشترین دەرهێنەری جێبەجێکار و  باشترین فیلمی نێودوڵەتی.

لەبارەی گرنگی ئەو دیدارە نێودەوڵەتییە، شاخەوان مستەفا وتی: "فیلمی ئەنیمەیشن هونەرێکی تازەیە و لە فێستیڤاڵە سینەماییەکان، گرنگی پێدەدرێت و پانتاییەکی فراوان لە گرنگیپێدان و رووناکی خستنەسەر لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئێمەش وەک کورد گرنگییەگی باشمان بەبوارەکە داوەو پێشتریش بە چەند کورتە فیلمێک سەرکەوتنی گەورەو بەرچاومان لە فێستیڤاڵەکان بەدەستهێناوە، ئەم دیدارەشمان کە نموونەو هاوتای نییە لە ناوچەکە، سەلمێنەری ئەوەیە کە دەمانەوێ گرنگیی زۆر زیاتر بەو بوارە گرنگەی سینەماو فیلم بدەین".


جگه‌ له‌و دوو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌، بڕیاره‌ له‌ 10ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 11 وڵاتی عه‌ره‌بی و ئه‌روپی له‌ هه‌ولێر، ئه‌نجامبدرێت.


هیوا سوعاد، به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "هه‌وڵده‌درێت زۆرترین گروپی شانۆیی به‌شداری بكه‌ن و تائێستا گروپه‌كانی شانۆ له‌ وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و میسر و مه‌غریب و عێراق و ئێران ئاماده‌ییان نیشانداوه‌ به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه‌ بكه‌ن.


هیوا سوعاد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، فێستیڤاڵه‌كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ ده‌خایەنه‌نێت و تێیدا خه‌ڵاتی ئاوزێڕ و پاداشتی ماددی به‌ باشترینه‌كان له‌ ده‌قی شانۆیی و ئه‌كته‌ره‌كان ده‌درێت".
له‌باره‌ی خه‌رجییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌، هیوا سوعاد وتی: "داوای 150 ملیۆن دیناركراوه‌، ره‌زامه‌ندی پاره‌كه‌ دراوه،‌ به‌ڵام بڕه‌كه‌ی كه‌مكراوه‌ته‌وه‌".


له‌باره‌ی گرنگی ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌، دكتۆر په‌رێز حوسێنی، مامۆستای هونه‌ر له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی وت: "راسته‌ سێ چالاكییه‌كه‌ گرنگه‌، به‌ڵام نابێت چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیری ته‌نیا وه‌رزیی بن و له‌ ساڵیادی به‌ پارێزگابوون یاخود دامه‌زراندنی حكومه‌ت یان هه‌ر یادێكی دیكه‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌میشه‌و هه‌موو مانگێك چالاكییه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و شارو شارۆچكه‌كانی دیكه‌ هه‌بێت".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌تواندرێت له‌ڕێگه‌ی فیلم و چالاكی هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌وه‌ كێشه‌كانی هه‌رێم و ئه‌و زوڵمه‌ی له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ له‌ كورد ده‌كرێت نیشان بدرێت، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ڕو قه‌یرانی دارایی رێگر بن له‌و جۆره‌ چالاكییانه‌.


 مەرجەکانی بەشداربوون لە فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ:


-نابێت ستافی بەشداربووان لە 8 کەس زیاتر بێت.
-بەرهەمی ناوخۆیی لەهیچ فێستیڤاڵێک بەشدار نەبووبێت و بەرهەمی ساڵی 2019 بێت.
-فێستیڤاڵ تەنها شوێنی حەوانەوەو نانخواردن لە ئەستۆ دەگرێت.
-ماوەی نمایشی شانۆگەرییەکە لە 30 خولەک کەمتر نەبێت.
-دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی ڤیدیۆو سیڤییەکان، 15ی 11ی 2019 دەبێت.
-ڤیدیۆ و سیڤییەکان بۆ ئیمێڵی ([email protected]) بنێرن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure