ئەم دوو کەسە وایانکرد سلێمانی ببێتە شاری داهێنەری ئەدەب

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1052‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

دوو کەسی ئەمریکی لە پشت ناساندنی سلێمانی بوون لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆ لە بواری داهێنانی ئەدەبی، پارێزگاری سلێمانیش داوای هاوکاری لە نوسەران و رۆشنبیران دەکات بۆ هەنگاوەکانی داهاتوویان.


ئێرنستۆ ئۆتۆنی رامیرێز، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی یونیسکۆ بۆ کلتور نامەیەکی ئاڕاستەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کردووە و نووسیویەتی "ئەندامێتی سلێمانی لەم تۆڕەدا پەیوەستە بە پێداجوونەوەیەکی دەورییەوە لەدوای پێشکەشکردنی راپۆرتێکی جاودێرێی ئەندامێتی لە هەر چوار ساڵ جارێکدا، پێویستە ئەم راپۆرتە پابەندیی شێلگیرانەی ئەم شارە نمایش بکات لە خستنەگەڕی بەیاننامەی ئەرکی (UCCN(دا لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، چاوەڕوان دەکرێت سلێمانی هەرچی زووە بەشێوەیەکی رەوان و ئارام بێتە نێو تۆڕەکەوە بەوەی دەستپێشخەرانە کار لەگەڵ شارە ئەندامەکانی دیکە بکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی و گروپی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی (ماری و دەیڤد) لە سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری پڕۆژەکەیان خستەڕوو.

هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند "دوای ئەوەی یونیسکۆ سلێمانی وەک داهێنەر لەبواری ئەدەب ناساند، دەستەیەکی راوێژکاری بۆ بەردەوامبوون لەو پڕۆژەیە دروستدەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە هاوکاری هەموو لایەکە".

ناوبراو روونیکردەوە "بۆ نمونە یونیسکۆ داوا دەکات شیعر وەک چارەسەر پێشکەش بکرێت بۆ ئارامبوونەوە، هەروەها کتێبی تایبەت بەڕەسەنایەتی کلتوری و دروستکردنی خۆراک هەبێت و ئەرشیف بکرێت، پاشان ئەرشیفکردنی ئەدەب و هونەری کوردی".

پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، لە دوو ساڵی رابوردوودا لە بودجەی حکومەت و هاوکاری کەرتی تایبەت ۱٥٪ی پارەیان بۆ پەرەپێدانی ئەدەب تەرخانکردووە، لەمەودواش دەبێت بەرنامەیان بۆ ساڵی ۲٠۳٠ و چوار ساڵی داهاتوو دابڕێژن بۆ بواری ئەدەبی.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی راشیگەیاند "لەمەودوا دەبێت سلێمانی ساڵانە ۳ فێستیڤاڵی جیهانی و ۳ فێستیڤاڵی ناوخۆیی تێدا بکرێت هەرچەندە ئێستا ئەو فێستیڤاڵانە دەکرێن، بەڵام پێویستییان بە پەرەپێدانی زیاتریشە.

ماری لە گروپی کەشکۆڵ رایگەیاند "ماوەی ۱۹ ساڵە لە کوردستانە و لەسەر ئەدەبی کوردی کار دەکات و نزیکەی ۹ مانگیشە سەرقاڵی ئەم پڕۆژەیەن، بۆیە لەناو هەموو رووداوە ناخۆشەکانی ئەمدواییە، زۆر دڵخۆشن بەم ئەنجامەی ئێستا، ئەم ناساندنەی سلێمانی لەلایەن یونیسکۆوە رەسەنایەتی قوڵی شوناسی کورد نیشاندەدات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure