باسی رۆژ.. دەوڵەت لە ژووری نووستندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 240‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


یەكەم: توندوتیژی خێزانی بەجۆرێك سەرنجی راگەیاندن و دەزگا دەوڵەتییەكان و رێكخراوە ناحكومییەكانی راكێشاوە كە ئێستا بە ئاشكرا باس لە داڕشتنی یاسای تایبەت دەكرێت كە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد و پەیوەندییەكانی نێوان خێزان بەشێوەیەكی گشتی یاسای تایبەت و هاوچەرخیان بۆ دابنرێت. 

ئامارەكان سەبارەت بە توندوتیژی ناو خێزان دژی ژن و كچ و خوشك هەمیشە لە هەڵكشاندان و ئەمەش وادەكات بزووتنەوەكانی ژنان چالاكتر و كاریگەرتر بن بە بەراورد بە رابوردوو.

دووهەم: بەڵام لەهەمان كاتدا پێویستە هوشیارییە سیاسییە رەخنەگرەكە دووربێت لە جۆش و خرۆشی خەباتگێڕانەوە. ئەگینا ئەم جۆرە بزووتنەوانە كاریگەریی خراپی سیاسیی و كۆمەڵایەتییان لێدەكەوێتەوە بەتایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا.

سێهەم: پێویستە هەموو لایەك ئەو راستییە بزانن كە مەودا یاساییەكان بە هیچ شێوەیەك جیاواز نین لە مەودا سیاسییەكان بە هەموو چەمك و میكانیزمەكانیانەوە. بە جۆرێك كە شەرعییەتی ماف و ئازادییەكان لە رەهەندە سیاسییەكەوە وەردەگرێت.

چوارەم: لەسەردەمی ئەمڕۆدا بوارە سیاسییەكە بە كردەوە واتە دەسەڵات و باڵادەستی. لەژێر سێبەری ئەمەدا هەموو رەهەندەكانی ژیانی هاووڵاتییان رێكدەخرێت.

دامەزراوە سیادییەكانیش ماف و یاسا و پیرۆزیی بە بوارە جیاجیاكانی ژیان دەبەخشن. بۆ نموونە دەسەڵات ئەگەر دەسەڵاتی هزرێكی عەلمانی بێت خەتەنەكردنی مرۆڤ قەدەغە دەكات. بەتایبەت هی كچان و لەم چوارچێوەیەدا یاسا و رێسا و سزا و هوشیاریی كۆمەڵایەتی و .. تادوایی، بۆ دیاری دەكات.

لای رژێمە تۆتالیتارییەكان ژیانی مرۆڤ بەتەواوی ملكەچ و كۆنترۆڵكراوی شكۆی دەوڵەتە.

دیارە ئەمەش پێچەوانەی ئامانجی بزووتنەوە پێشكەوتنخواز و مافپەروەرەكانە كە داوا دەكەن هاووڵاتی لە دەسەڵاتی حكومەت رزگاری ببێت.

پێنجەم: چەسپانی چەمكەكانی وەك دەوڵەتی هاوچەرخ و هاووڵاتیبوون ژیانی تایبەتی تاكەكانی كۆتایی پێهێناوە. كە ئەمە پڕۆژەی بنەڕەتی مۆدێرنیتەیە و تەنیا دەرئەنجامێكی لاوەكی گەشەكردن نییە.

شەشەم: لە جیهانی سێهەمدا و بەشێوەیەكی تایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستدرێژی كردنە سەر ئازادییەكانی مرۆڤ  سەدەیەك زیاترە كاری رۆژانەی دامەزراوە  كۆنەپارێزەكانن. بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە خەریكە دیاردەیەكی نوێ‌ سەرهەڵدەدات، كە ئەویش هەوڵی هەڵسوڕاوە چالاكەكانی بواری كۆمەڵایەتی و مافپەروەریی و رێكخراوەكانی ژنان و رێكخراوە ناحكومییەكانە، كە بەشێوازێكی جیاواز دەیانەوێت لە بەرگێكی پێشكەوتنخوازدا چاودێری بخەنە سەر ژیان و هەڵسوكەوتی مرۆڤ.

حەوتەم: ئەم هەڵسووڕاو و رێكخراوانە خۆیان وەكو مەرجەعێكی ئەخلاقی دەناسێنن و رای بەرامبەر و رەوشتی بەرامبەر قبوڵ ناكەن، یەكلایەنانە بڕیار دەدەن لەسەر راستی و هەڵە و ناوی نەیارەكانیان دەزڕێنن بەجۆرێك كە ئێستا بە ناوی بەرگریكردن لە ئازادییەكانی مرۆڤ و قەڵاچۆكردنی توندوتیژی خێزانی كۆنترۆڵی ژووری نووستنی خێزانەكانیشیان كردووە.

هەشتەم: هیچ بەدوور نازانرێت ئەم دۆخە ببێتە مایەی دروستكردنی هاوپەیمانییەك لەنێوان دەسەڵاتە سەركوتكەرەكان و ئەم هەڵسووڕاوانە بۆ رێگرتن لە ئامانجەكانی گەلانی ناوچەكە و دەستوەردان لە تایبەتمەندییەكانی ژیانی مرۆڤ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure