باسى ئه‌مڕۆ: ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 119‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌رنج له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانى خۆت بده‌ جارانیش و ئێستاش ده‌بینیت نه‌ك هه‌ر تۆ به‌ڵكو زۆربه‌ى مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى هاوڕێ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان چه‌ند پێوه‌رێكیان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌مان ره‌گه‌زن، له‌هه‌مان نه‌ته‌وه‌ و گروپ و ته‌نانه‌ت له‌ شێوازى جلوبه‌رگ و پێكهاته‌ى جه‌سته‌ و شێوازى داهێنانى قژیشدا له‌یه‌ك ده‌چن.


ئێمه‌ هه‌موومان له‌ ژیاندا واده‌كه‌ین. له‌ڕاستیدا هیچ هه‌ڵه‌یه‌كیش له‌وه‌دا نییه‌. چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ست به‌ دڵخۆشیى و ئارامیى ده‌كه‌ین. ئه‌وكاته‌ ئارامین كه‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌مان كه‌سانى وه‌ك خۆمان بن. به‌ڵام كێشه‌كه‌ كاتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ قه‌یرانێك دێته‌ ئاراوه‌. 

مرۆڤ كه‌ گیروگرفتێكى دێته‌ڕێ یان كاتێك كه‌ پێویستى به‌ بیروبۆچوونى تازه‌ و پیشه‌ى تازه‌ و سه‌رچاوه‌ى تازه‌ ده‌بێت بۆى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ نه‌ده‌بوو وابێت. نه‌ده‌بوو یه‌كێك بوایه‌ له‌ كۆمه‌ڵێكى هاوچه‌شن.

توێژینه‌وه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێش كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ توێژینه‌وه‌ هه‌ره‌ ناوازه‌كان داده‌نرێت له‌ بوارى كۆمه‌ڵناسیدا. له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ كارێك یان پیشه‌یه‌كیان ده‌ستكه‌وتووه‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆریان له‌ڕێى په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستیان نه‌كه‌وتووه‌، واته‌ له‌ڕێى دایك و باوك و هاوسه‌ر و خزمى نزیكه‌وه‌ ده‌ستیان نه‌كه‌وتووه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ لاوازه‌كان بوون كه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ دروستكردن و واته‌ كه‌سانێك كه‌ تازه‌ ناسیویانن.

نموونه‌یه‌ك له‌ په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كان وه‌ربگره‌، بۆ نموونه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت. ده‌بینیت تۆڕى په‌یوه‌ندییه‌كانت له‌ڕێى ئه‌وه‌وه‌ په‌كى كه‌وتووه‌. ئه‌و هه‌ركه‌سێك ده‌ناسێت تۆش ده‌یناسیت. به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌ لاوازه‌كان وانین. كه‌سێك كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یناسیت ده‌بێته‌ پاسپۆڕتت بۆ ژیانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى ته‌واو جیاواز.

مرۆڤ بلیتى زۆر جوانى هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت گه‌شتى پێ بكات بۆ جیهانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى، به‌ڵام نازانێت باش سوودى لێ وه‌ربگرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌مترین گه‌شت ده‌كات، دیاره‌ مه‌به‌ستم گه‌شتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و هه‌ر له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ى خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌.

دیاره‌ كۆمه‌ڵێك نه‌ریت و خوو هه‌ن مرۆڤ له‌ نزیك ماڵى خۆیانه‌وه‌ ده‌هێڵێته‌وه‌.

زۆربه‌مان به‌جۆرێك ده‌ژین كه‌ هه‌موو رۆژه‌كان و رێگەكان و شوێنه‌كانى كاركردن و ته‌نانه‌ت ده‌ستشۆر و ئاوده‌سته‌كانیشمان هه‌ر ئه‌مانه‌ى دوێنێ و پێرێ و پار و پێرارن. ئه‌م رۆتینه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان ناكاریگه‌ر ده‌كات. هه‌ر بۆ تاقیكردنه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ ئه‌مڕۆ بچۆره‌ شوێنێكى تر، نهۆمێكى تر، شه‌قامێكى تر. ده‌بینیت رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى تازه‌ ده‌بیته‌وه‌.

خاڵێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ركابه‌رى بكه‌ین له‌گه‌ڵ بژارده‌ ئاسانه‌كانماندا. هه‌وڵ بده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا ببه‌ به‌ هاوڕێ كه‌ به‌ بێزاركه‌رى ده‌زانیت، له‌و شوێنه‌دا دابنیشه‌ كه‌ پێت وایه‌ شوێنێكى ناخۆشه‌. ململانێكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ستى هه‌ڵبژاردنه‌دا كۆمه‌ڵێك ئاسۆى نوێمان به‌ڕوودا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تۆ ده‌كه‌ویته‌ ژوورێكه‌وه‌ خه‌ڵكى جۆره‌ها ره‌گه‌ز و كه‌لتوورى تێدایه‌، سه‌ره‌تا هه‌ست به‌ بێزاریى ده‌كه‌یت و ئه‌و ژووره‌ت پێ خۆش نابێت، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونى ماوه‌یه‌ك ده‌بینیت كه‌ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانت فراوانتر و قووڵترن له‌ جاران و خاڵى هاوبه‌شى زۆرت له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌.

به‌ كورتییه‌كه‌ى پێویسته‌ سه‌ره‌تا خۆمان كه‌مێك ناچالاك بكه‌ین، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ دۆزه‌ره‌وه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى تازه‌ دروست ده‌كه‌ین و چانسى فراوانبوونى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان بێ سنوور ده‌بێت.

مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌مه‌ نییه‌. زۆرجار بۆ گه‌شته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان له‌ گه‌ردونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ماندا بیتاقه‌ى پله‌ دوو ده‌كڕین.

كاتێك كه‌ بارى كۆمه‌ڵایه‌تی و پله‌ى پۆسته‌كه‌ت له‌ ئاستێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئاستێكى دیكه‌، رێگه‌ بده‌ جیهانه‌ ده‌روونییه‌كه‌ت تێك نه‌شكێت چونكه‌ له‌كاتى وادا هه‌وڵى دروستكردنى په‌یوه‌ندى و دامه‌زراندنى جیهانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ت ده‌بنه‌ قورسترین ئه‌رك. 

كاتێك كه‌ رووبه‌ڕووى كێشه‌ ده‌بینه‌وه‌ یان بێزار ده‌كرێین ده‌ستبه‌جێ گوشار ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ده‌ستدانى كاره‌كه‌مان لێ ده‌كرێت یان كاتێك هه‌ست به‌ لاوازیى و بێ به‌هابوونى خۆمان ده‌كه‌ین ده‌چینه‌وه‌ قاڵبه‌كه‌ى خۆمان و گۆشه‌گیر ده‌بین. 

په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر خاڵێكى نابینا كه‌ تیایدا نه‌ سه‌رچاوه‌كانمان و نه‌ ده‌رفه‌ت و نه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان هیچیان نابینین.

به‌لاى ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌كو مامه‌ڵه‌ى بازرگانى وان. زۆر ئاساییه‌ كه‌ كه‌سێك چاكه‌یه‌ك له‌گه‌ڵدا ده‌كات پێى بڵێیت قه‌رزارت كردم یان تۆ سه‌رچاوه‌یه‌كى باشیت. یان خێرێكى باشت ده‌ستگیر كردم. ئه‌م زاراوانه‌ زاراوه‌ى ئابووریى و بازرگانین . په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێویستى به‌ رێگه‌ى مرۆییه‌ نه‌ك به‌ زاراوه‌ى بازرگانى. وشه‌كانى ببووره‌، سوپاس، تكایه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ستى مرۆڤایه‌تین نه‌ك وشه‌ى ناو قاموسى بازرگانى. ره‌گ و ریشه‌ى ئه‌م جۆره‌ وشانه‌ له‌ زۆربه‌ى زمانه‌كانى جیهاندا چه‌ند واتایه‌كى دیاریكراویان هه‌یه‌ كه‌ نزیكن له‌ واتاكانى به‌زەیى و سۆز و به‌خشش و ره‌حمه‌ته‌وه‌.

له‌ زمانى چینیدا ئه‌و وشه‌یه‌ى كه‌ واتای وشه‌ى ببووره‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌هه‌مان كاتدا ئه‌م مانایه‌ى هه‌یه‌: (ره‌سمیات قسه‌ مه‌كه‌).

قسه‌یه‌كى زۆر باو له‌ كۆمه‌ڵگە جیاجیاكاندا هه‌یه‌ ده‌ڵێت ژیان سه‌فه‌رێكه‌. بۆ نموونه‌ گه‌شتێكه‌ له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رێكدا و تۆ یه‌كێكى له‌ نه‌فه‌ره‌كانى ناو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ كه‌ خه‌ڵكى جۆراوجۆرى تیادایه‌. تیایاندایه‌ له‌ وێستگه‌ى جیاجیادا داده‌به‌زێت و تیاشیاندایه‌ تا وێستگه‌كه‌ى تۆ له‌گه‌ڵتا ده‌مێنێته‌وه‌. كه‌واته‌ هه‌وڵ بده‌ ته‌نیا گه‌ردیله‌یه‌كى بێ ئیراده‌ نه‌بیت، به‌ڵكو گه‌ردیله‌یه‌ك به‌ ئاڵوگۆڕى وزه‌ بكه‌ له‌گه‌ڵ گه‌ردیله‌كانى تردا و په‌یوه‌ندى دروست بكه‌. چونكه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانیت شتێكى نوێ له‌و گه‌شته‌تدا بخوڵقێنیت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure