بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان وەزارەتی تەندروستی هەنگاو دەنێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/11/2019‌ :: 250‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

به‌مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لیژنه‌یه‌كى باڵاى به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار پێكهێناوه‌ و له‌ڕێگه‌ى هه‌موارى یاساى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ كار بۆ رێگریكردنى ده‌كرێت.

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى تشرینى دووه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌كو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌هاوبه‌شى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شمان بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ كوردستان پێكهێناوه‌.

وتیشى: "ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سێكته‌ره‌كانى ته‌ندروستى و مافى مرۆڤ و یاسایى له‌خۆگرتووه‌ و ده‌بێت كارێك بكرێت ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە كه‌مبكرێته‌وه‌".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى  ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ده‌یانه‌وێت به‌وردى به‌دواداچوون له‌ چۆنیه‌تى هێنان و ساغكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانى بكه‌ن و ئه‌وانه‌ى له‌پشتى ئه‌و بازرگانیكردنه‌وه‌ن ئاشكرابكرێن و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوان و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌وانه‌شى گیرۆده‌ى ئه‌و كاره‌بوون روونبكرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: راپۆرتێك ئاماده‌ ده‌كه‌ین و ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى یاساى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌مواربكرێته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure